وه‌زیری كۆچی عێراق: هاوكاری ئه‌و عێراقیانه ده‌كه‌ین له بیلارووس و لیتوانیا گیریان خواردووه
K24- هه‌ولێر:
ئیڤان فایق جابرۆ، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند، داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین، هاوكاری ئه‌و عێراقییانه بكه‌ن، كه له بیلا رووسیا و لیتوانیا، گیریان خواردووه.
له چوارچێوه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، روونیكرده‌وه، زۆر به گرنگییه‌وه چاودێری دۆخی ئه‌و عێراقییانه ده‌كرێت، كه كه‌وتووه‌نه‌ته ژێر چنگی بازرگانانی مرۆڤ، كه له لیتوانیا و بیلارووسیا، گیریان خواردووه و ناتوانن بپه‌ڕنه‌وه ئه‌وروپا، یاخوود بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق.
جه‌ختیكرده‌وه، هه‌موو هۆكاره‌كان ئاشكران كه بۆچ گه‌نجانی عێراق وڵات جێ‌دێڵن، له لایه‌ن قاچاخچییه‌كانه‌وه، به‌ڵێنی درۆیان پێده‌درێت، ده‌كه‌ونه داوی كۆچكردن به رێگه‌ی نایاسایی.
ئاماژه‌شیپێكرد، عێراق پابه‌ندی هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆیه‌تی، كه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی كۆچبه‌رانه، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه عێراق، با له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه بكات، دا‌واشیان لێده‌كه‌ین، نه‌بنه پارووێكی چه‌وری ژێر ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه گه‌نجان به‌ره‌و نه‌هامه‌تی ده‌به‌ن.
روونیشیكرده‌وه، وه‌ك وه‌زاره‌ت، به‌رده‌وامن به په‌یوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و رێكخراوه مرۆڤ دۆسته‌كان، بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئه‌و هاووڵاتییه عێراقییانه‌ی كه له لیتوانیا و بیلا رووس، گیریان خواردووه، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی ژیانكردنیان بۆ دابین ده‌كرێت، تا ئه‌و كاته‌ی خۆیان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، ئایا ده‌گه‌ڕێنه‌وه، یاخوود نا.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه، كه به فه‌رمانی مسته‌فا كازمی دروستكراوه، چاودێری ئه‌و عێراقییانه ده‌كرێت، كه له لیتوانیا و بیلارووس، گیریان خواردووه، هه‌موو شتێكیان بۆ دابین ده‌كرێ، چاوه‌ڕێی ده‌ره‌نجامی راپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ین، ئه‌وكات به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، هاوكاری ئه‌و كۆچبه‌رانه ده‌كرێت.
تا ئێستا نزیكه‌ی (1000) كۆچبه‌ری نایاسایی عێراقی، له لیتوانیا و بیلارووسیا، ناتوانن به‌ره‌و ئه‌وروپا بپه‌ڕنه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند قاچاخچییه‌كه‌وه، به‌ڵێنیان پێ‌درابوو، له رێگه‌ی ئه‌م دوو وڵاته‌وه، بپه‌ڕنه‌وه بۆ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ڵام له لایه‌ن پاسه‌وانی سه‌ر سنووری لیتوانیا، رێگه‌یان لێگیراوه، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، لیتوانیا، (4000) كۆچبه‌ری نایاسایی، گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بیلارووسیا.
له‌مباره‌وه، ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ، سه‌رۆكی بیلارووسیا، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی رێگر بووه له په‌ڕینه‌وه‌ی كۆچبه‌ری نایاسایی به‌ره‌و لیتوانیا.
پێشتریش، دكتۆر فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى عێراق، رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه له به‌قاچاخ بردنى هاووڵاتیانى عێراقى له بیلارووسه‌وه، بۆ لیتوانیا، ده‌كه‌ین.
فوئاد حوسێن، له دیداری له‌گه‌ڵ گابرێلیۆس لاندسبیر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا، روونیكرده‌وه، حكومه‌تى عێراق لێكۆڵینه‌وه له به قاچاخ بردنى هاووڵاتیانى عێراقى بۆ لیتوانیا ده‌كات، هه‌روه‌ها گفتوگۆ كراوه، تایبه‌ت به په‌نابه‌ره عێراقییه‌كان له‌م وڵاته.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى عێراق، ره‌تیكرده‌وه، كه بازرگانان و قاچاخچییه‌كان، له عێراقدا بوونیان هه‌بێت، بۆیه عێراق لێكۆڵینه‌وه له به‌قاچاخ بردنى هاووڵاتیانى ده‌كات، بۆ لیتوانیا.
سه‌رچاوه: روسیاالیوم
ك.ب