ئه‌وانه‌ی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون زیاتر ئه‌گه‌ری دووباره تووشبوونه‌وه‌یان هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ، كه له ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دراوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون، دوو ئه‌وه‌نده زیاتر ئه‌گه‌ری دووباره تووشبوونه‌وه‌یان به كۆرۆنا هه‌یه، توێژینه‌وه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ماوه‌ی ئه‌و به‌رگرییه‌ی تووشبووی كۆرۆنا به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، تا ئێستا روون نییه، ره‌نگه تووشی كۆرۆنای گۆڕاو ببنه‌وه.
ناوه‌ندی كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشی و خۆپارێزی له ئه‌مه‌ریكا له توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رنه‌گرتووه و پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون، دوو ئه‌وه‌نده زیاتر ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به په‌تاكه هه‌یه، به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی به ڤاكسینی كۆرۆنا كوتراون.
ناوه‌نده‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی توێژنه‌وه‌كه، ئه‌وانه‌ی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوو، ده‌بێت ڤاكسینی كۆرۆنایان پێبدرێت.
زۆر كه‌س له‌وانه‌ی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون، پێیانوایه به‌رگرییه‌كی پێویستیان به‌رامبه‌ر به ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ده‌ستهێناوه و پێویستیان به ڤاكسینی كۆرۆنا نییه.
له مانگی (ئایار و حوزه‌یرانی)ی رابردوو توێژینه‌وه‌ك له‌سه‌ر 246 كه‌س له ویلایه‌تی كنتاكی-ی ئه‌مه‌ریكا كراوه، كه پێشتر له ساڵی 2020 تووشی كۆرۆنا بوون و دووباره‌ش تووشی كۆرۆنا ببوونه‌وه، به‌راورد كران له‌گه‌ڵ 492 به‌شداربووی دیكه‌ی توێژینه‌وه‌كه، كه له هه‌مان ره‌گه‌ز و ته‌مه‌ن تووشی كۆرۆنا ببوون.
توێژنه‌وه‌كه گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رنه‌گرتووه؛ زیاتر مه‌ترسی ئه‌ویان له‌سه‌ره جارێكی دیكه تووشی كۆرۆنا ببنه‌وه، به رێژه‌ی 2.34 جار زیاتر به‌راورد به‌وانه‌ی هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینی فایزه‌ریان وه‌رگرتووه، توێژینه‌وه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ماوه‌ی ئه‌و به‌رگرییه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا به‌ده‌ستیده‌هێنن روون نییه و ره‌نگه ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رنه‌گرتووه، تووشی كۆرۆنای گۆڕاو ببن.
توێژینه‌وه‌كه روونیشكرده‌وه، ئه‌و سامپڵه‌ی له خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر تووشی كۆرۆنا له‌و جۆره‌ی سه‌ره‌تا له وهان ده‌ركه‌وت، ته‌نۆچكه‌ی به‌رگرییان به‌رامبه‌ر به ڤایرۆسی كۆرۆنا له جۆری بێتا، كه له باشووی ئه‌فریقیا ده‌ركه‌وت، لاوازه.
هه‌رچه‌نده توێژینه‌وه‌كه ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، ئه‌و تووشبووانه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به كۆرۆنای بێتا هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێك له خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و توێژینه‌وه‌یه به‌ر له ده‌ركه‌وتنی كۆرۆنا ده‌لتا ئه‌نجام دراوه.
د.ی