"مێسی سبه‌ی له‌به‌رده‌م تاوه‌ری ئیفڵ درێسی پاریس به‌رز ده‌كاته‌وه‌"

لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانه‌ی پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە رێککەوتن و سبەی لەبەردەم تاوەری ئیفڵ پێشکەش به‌ میدیاكان و هانده‌ران دەکرێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی و چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرایان کردووە مێسی ئەمڕۆ دەچێتە پاریس و گرێبەست لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان واژۆ دەکات و سبەی سێشەمەش لەبەردەم تاوەری ئیفڵ وەکو یاریزانی نوێی پاریس سانجێرمان پێشکەشی هاندەران دەکرێت.

سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە مێسی راستەوخۆ بەشداری یارییەکانی سانجێرمان ناکات، چونکە هێشتا بەشداری راهێنانەکانی نەکردووە و لەوەتەی کۆپا ئەمریکا کۆتایی هاتووە مێسی لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە.

مۆندۆ ئاشکرای کردووە یارییەکەی پاریس سانجێرمان بەرامبەر رێمس لە کۆتایی ئەم مانگە دەبێتە یەکەمین یاریی مێسی بە درێسی پاریس سانجێرمان

دوای ئەم یارییەش مێسی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دەکات بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی قەتەر رووبەڕووی ڤێنزوێلا و بەڕازیل و بۆلیڤیا ببنەوە.

لیۆنێل مێسی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا 778 یاری كرد، 672 گۆڵ و 305 ئاسیستی تۆمار كرد، 10 نازناوی لالیگا، 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 6 خه‌ڵاتی تۆپی زێڕینی به‌ده‌ستهێنا، ریكۆردی زۆرترین گۆڵ و زۆرترین هاتریك و زۆرترین گۆڵ به‌ لێدانی راسته‌وخۆ و خاوه‌نی زۆرترین ئاسیستی له‌و یانه‌یه‌ نووسییه‌وه‌.

لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینیا
لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینیا