حکومەتی هەرێم کۆمپانیا ئەمنییەکان رێکدەخاتەوە

نزیکەی 68 كۆمپانیای ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان هەن
دوو کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیا ئەهلییە ئەمنییەکان لە هەولێر لەکاتی ئەرکدا
دوو کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیا ئەهلییە ئەمنییەکان لە هەولێر لەکاتی ئەرکدا

K24 - هەولێر

وزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "لە رێگەی پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی كۆمپانیا ئەمنییەكان، ھەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی دەڕەخسێنن"، ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی 68 كۆمپانیای ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و بەپێی ئەم یاسایە ھیچ فەرمانبەرێکی حكومەت و ھێزە ئەمنییەكان ناتوانن لە كۆمپانیا ئەمنییەکان كار بكەن.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای كۆمپانیا ئەھلیە ئەمنییەكانی ناردووەتە پەرلەمان. بۆ ئەم مەبەستە لە 9/8/2021 وەزیری ناوخۆ سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان گفتوگۆكانیان دەستپێكردووە، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساكە ئامادە بكرێت، بۆ پەسەندكردنی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: "ئەو كەسانەی فەرمانبەری حكومەت و ھێزە ئەمنییەكان بن ناتوانن ببنە كارمەند، ئەم یاسایەش ھەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە یان وازیان لە خوێندن هێناوە و بە هەلی کاردا دەگەڕێن".

وەزیری ناوخۆ، گوتیشی: "بەپێی رێنماییە نوێیەکان زۆر لەو کەسانەی ئێستا لە کۆمپانیا ئەمنییەکانن ناتوانن کار بکەن، چونکە ئەو کەسانەی لەو کۆمپانیایانە کار دەکەن نابێ مووچەخۆری حکومەت بن و هەروەها نابێ لە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەت بن".

كۆمپانیا ئەھلییە ئەمنییەكان لە ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی چەند رێنمایەك كاردەكەن بە یاسا رێكنەخرابوون، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسایەك رێكیاندەخات، بەپێی مەرجەكان ھەموو ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ تا 50 ساڵە دەتوانن ببنە كارمەندی كۆمپانیاكان، دەبێت كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە 90٪ یان كارمەندی ناوخۆ بن كۆمپانیا بیانییەكانیش لە 50٪یان كارمەندی ناوخۆ بن.

لە ھەرێمی كوردستان 68 كۆمپانیای ئەمنی ھەیە و بەپێی ئەم یاسایە رێكدەخرێن و وەک وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێکرد، ھەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتییان و بەتایبەت گەنجان دەڕەخسێنێت، بەپێی یاساكە ئەو كەسانەی فەرمانبەر بن یان كارمەندی ھێزە ئەمنییەكان بن ناتوانن لەو كۆمپانیایانە كار بكەن و بەپێی یاساكەش سزای قورس بۆ ئەو كۆمپانیایانە دانراوە كە پێچەوانەی ئەم یاسایە کار بکەن.