رەسوڵ بێبەش: هونەرمەند سابیر کوردستانی هاودەردی من بوو، دەنگیشم لەو نزیکە

ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد سابیر کوردستانی تێدەپەڕێت
رەسوڵ بێبەش گۆرانیبێژ
رەسوڵ بێبەش گۆرانیبێژ

K24 – هەولێر

گۆرانیبێژ رەسوڵ بێبەش، گۆرانییەکانی هونەرمەندی کۆچکرد و سابیر کوردستانی دەڵێتەوە و دەڵێ "لەگەڵ سابیر کوردستانی هاودەرد بووین، بۆیە زیاتر حەزم لە گۆرانییەکانی بوو، دەنگیشم لە هی ئەو نزیکە".

رەسوڵ بێبەش، خەڵکی قەزای رانیەی دەڤەری راپەڕینە و چەند ساڵێکە گۆرانییەکانی سابیر کوردستانی دەڵێتەوە. ئەو وەک هونەرمەند سابیر کوردستانی نابینایە، بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە و لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژباشی کوردستان24 گوتی: "لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان هەستم بەوەکردووە کە خۆم لە گۆرانییەکانی هونەرمەند سابیر کوردستانی دەبینمەوە، ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە کەسێکی بەدیقەت و شارەزا بوو، لە هەمانکاتدا هاودەرد بوو لەگەڵ من، بە گوتەی زۆر لە شارەزایانی گۆرانی و موزیک دەنگم لە سابیر کوردستانی نزیکە".

باسی لەوەشکرد: "لەگەڵ سابیر کوردستانی هاوڕێیەتیمان هەبوو، خۆیشی پێی گوتم کە دەنگم لەو دەچێت، زۆرجار گفتوگۆمان لەسەر کارە هونەرییەکان دەکرد. زۆربەی گۆرانییەکانی ئەو وا هەست دەکەم بۆمن گوتراون".

هونەرمەند سابیر کوردستانی، ساڵی 1955 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، یەکێک بوو لە هونەرمەندە ناودارەکانی کوردستان و خاوەن چەندین بەرهەمە، زۆربەی گۆرانییەکانی چیرۆکێکی تایبەتی خۆی بووە یان بۆ ژیان و ئازارەکانی خۆی گوتویەتی. هونەرمەند سابیر کوردستانی، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 10/8/2020 لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە شاری کەرکووک بەخاکسپێردرا.