بارسێلۆنا له‌ ڕۆیشتنی مێسی په‌شیمان بووه‌ته‌وه‌

خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا رایگەیاند ناتوانن گرێبەستی مێسی نوێ بکەنەوە و لیۆنێلیش دوای چەند رۆژێک لە بەردەم میدیاکان دەرکەوت و بەگریانەوە ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا کرد، بەشێکی زۆری میدیاکانیش بڵاویان کردەوە کە مێسی دەبێتە موڵکی پاریس سانجێرمان و بۆ وەرزی نوێ بەرگری لە درێسی یانەکەی پاریس دەکات، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ئەستێرەکی تانگۆ و خاوەنی شەش ناسناوی باڵۆن دۆر هێشتا دیار نیە کە لە وەرزی نوێ یاریی بۆ چ یانەیەک دەکات.

 رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا هەمووانی شۆک کرد، بەڵام هێشتا هیوایەک هەیە بۆ مانەوەی مێسی لە بارسێلۆنا و لەوانەیە ئەمجارە هەمووان بە مانەوەی مێسی شۆک بکرێن.

ئالبێرت رۆخی رۆژنامەنووس لە رۆژنامی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە، مێسی لە پەیامی ماڵئاوایی ئاشکرای کرد کە دەیەوێت بمێنێتەوە، ئەمڕۆش کار لەسەر ئەم بژاردەیە دەکرێت و ئەگەر هەیە هەر شتێک رووبدات، لەلایەن خۆیەوە کەناڵی ئی ئێس پی ئێن چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا بڵاویکردەوە کە بارسێلۆنا لەگەڵ مێسی لە گفتۆگۆدایە و ئاشکرای کردووە بارسا پەشیمانە و نایەوێت مێسی لەدەست بدات.

 هەمان سەرچاوە هێمای بۆ ئەوە کردووە کارگێری بلاوگرانا دوایین هەوڵی خۆی دەدات و ئۆفەرێکی نوێی خستووەتە بەردەم لیۆ بۆ ئەوەی لە یانەکەی بیهێڵێتەوە، کە دەبوایە مێسی ئێستا لە پاریس بێت، بەڵام فشارەکانی بارسا وایکردووە گەشتەکە دوابخات و بابەتی مانەوەی لە کەتەلۆنیا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرایان کردووە کە مێسی دوورگەی ئیبیزای لە ئیسپانیا جێهێشتووە و نەخشەی جوڵەی فرۆکەکەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام جوڵەی فرۆکەکە بەرەو پاریس نییە، بەڵکو بەرەو فرۆکەخانەی سان فێرناندۆیە لە بۆینس ئایرسی ئارجێنتینا، بەڵام دڵنیایی نییە لەوەی کە مێسی لەنێو فرۆکەکەدایە یاخود نا.

رۆژنامەی ئۆلێی ئارجێنتینی بە پێچەوانەی هەموو ئەمانە هاندەرانی پاریس سانجێرمان لە چاوەڕوانی دەهێڵێتەوە و مژدەیان پێدەدات کە ئەمڕۆ مێسی گەشتی فەرەنسا دەکات و دووپاتیدەکاتەوە بەمنزیکانە هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە، ئۆلێ بەمشێوەیە نووسیویەتی: ئەگەر هیچ شتێکی چاوەرواننەکراو روونەدات مێسی یاریی بۆ پاریس سانجێرمان دەکات.

ئۆلێ بڵاوکراوەکانی رۆژنامەی سپۆرتی پشتراست کردووەتەوە کە بارسێلۆنا لە دوا ساتەکان پەشیمان بووەتەوە و ئۆفەرێکی خستووەتە بەردەم مێسی، بەڵام بێ سوودە و مێسی دەچێتە پاریس سانجێرمان.

ئۆلێ ئاماژەی بەوەش کردووە مێسی شیکردنەوەی بۆ ئۆفەرەکانی چێڵسی و تۆتێنهامیش کردووە، بەڵام پرۆژەی پاریس بە گرنگتر دەزانێت و لەوێ دەتوانێت ناسناوی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەتایبەت بەهۆی بوونی دی ماریا و پاریدێس و نێیمار و راهێنەرە ئارجێنتینەکەی.

لە کۆتاییدا ئۆلێ: نووسیویەتی مێسی ئەمڕۆ لە یاریگای باخچەیشازادەکان دەبێت، بەڵام تاوەری ئیفڵ بە ئاڵای ئارجێنتینا دەنەخشێندرێت و لەسەری دەنووسرێت سوپاس مێسی.