سه‌فین دزه‌یی له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ره‌ كورده‌كانی لیتوانیای پرسییه‌وه‌

ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە بارودۆخیان باش نیە بۆیە  داوای لەحکومەتی لیتوانیا کرد تا یەکلابوونەوەی چارەنووسیان زیاتر هاوکاریان بن
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا

K24 – هەولێر:

لەبارەی رەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، لە کەمپەکانی لیتوانیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ گفتوگۆکردن لە سەر رەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، لە کەمپەکانی لیتوانیا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و گابریلیوس لاندسپێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە،  پرسیاری لە بارودۆخی پەنابەران کرد و بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی حکومەتی لیتوانیای کرد، بۆ مێوانداریکردن و لەخۆ گرتنی ئەو ئاوارانەی کە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی روویان لە لیتوانیا کردووە، کە ماوەک لەمەبەر، لە وڵاتی بیلاروسیا، به‌ره‌و لیتوانیا پەرینەوە، ئێستا لە کەمپەکانی لیتوانیان. 

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە، بارودۆخیان باش نیە، بۆیە  داوای لەحکومەتی لیتوانیا، کرد، تا یەکلابوونەوەی چارەنووسیان، زیاتر هاوکاریان بن و لە بارودۆخ و گوزەرانی رۆژانەیان، ئاسانکاریان پێشکەش بکەن. 

روونیشیكرده‌وه‌، وا پێویست ده‌كات، رێز لە سەروەری و یاساکانی ئەو وڵاتانە بگیرێت، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێم، لەگەڵ حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ، لە پەیوەندی و هەماهەنگیدایە.

لای خۆیەوەش، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پەیوەندییە، خوازیاربوو، هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی لیتوانیا، بە مەبەستی چارەسەکردنی ئەو بابەتە، بەتایبەت بۆ رێگریکردن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤ و   گرتنەبەری رێگای نایاسایی و قاچاخ، کە بەداخەوە ئەو بابەتە لەلایەن کۆمەڵە خەڵکانێک و هەندێک کۆمپانیای گەشتیاری پەیڕەوکراوە و هەندێك وڵاتانیش رێگایان کردووەتەوە، کە ئەو خەڵکە بەو شێوازە روو لە لیتوانیا بکەن.

ك.ب