سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

جه‌خت له‌ گرنگيى به‌شداريى هه‌رێمى كوردستان له‌ گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا، رێكخستنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوو لا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرايه‌وه
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/8/10 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيو توله‌ر، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا و رێككه‌وتنى نێوانيان و رێكخستنه‌وه‌ و قۆناغى داهاتووى په‌يوه‌ندييه‌كانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و ئاينده‌ى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش، بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيدـ19 و هه‌ڵمه‌تى كوتان به‌ پێكوته‌ى دژى په‌تاكه‌، تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ رۆبێرت پاڵادينۆ كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، جه‌خت له‌ گرنگيى به‌شداريى هه‌رێمى كوردستان له‌ گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا، رێكخستنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ريكا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و گفتوگۆيه‌دا و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرايه‌وه.

نێچيرڤان بارزانى گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكاى نه‌ك ته‌نيا له‌ڕووى سه‌ربازى و به‌رگرييه‌وه‌، له‌ڕووى كولتوورى، ئابوورى، په‌روه‌رده‌يى و بواره‌كانى‌ ديكه‌شه‌وه‌ بۆ يامه‌تيدان و هاوكاريى عێراق به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به به‌رده‌واميى پشتگيرى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ و گوتى: ئه‌مه‌ريكا به‌ بايه‌خه‌وه‌ بۆ سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ له‌ عێراق ده‌ڕوانێت.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا ئاماژه‌ى به‌ ديدارێكى ئه‌مڕۆى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چالاكوانى ئافره‌ت و نوێنه‌رانى ئايين و ئايينزا جياكان له‌ هه‌رێمى كوردستان و سوودمه‌ندانى پرۆگرامێكى وڵاته‌كه‌ى كرد، كه‌ له‌ چه‌ندين بواردا هاوكاريى گه‌نجان و په‌ره‌پێدانى مرۆيى پێشكه‌ش به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، هه‌روه‌ها وێڕاى ستايشى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ و ماف و ئازادييه‌كان كرده‌وه‌.

چۆنيه‌تى و گرنگيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووريا، گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و شاندی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و شاندی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا

H.B