یەکەم لێدوانی مێسی دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان

لیۆنێل مێسی لە پارک دێ پرێنسیس
لیۆنێل مێسی لە پارک دێ پرێنسیس

پاریس سانجێرمان بەفەرمی گواستنەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
یانەی پاریس سانجێرمان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی رایگەیاندووە، مێسی بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەکەیان واژۆ کرد و بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەشی لیۆ دەتوانێت ساڵێکی دیکەش گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە.
مێسی لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی دەڵێت: من تامەزۆرم بۆ دەستپێکردن بە قۆناخێکی نوێی کاروانی وەرزشیم لە پاریس سانجێرمان، هەموو شتێک لە یانەکە لەگەڵ ئامانج و ویستی من گونجاوە، من شارەزای توانای یاریزانەکان و دەستەی راهێنەرانی یانەکەم، من سوورم لەسەر ئەوەییارمەتی یانەکە بدەم بۆ ئەوەی شتێکی نایاب بۆ یانەکە و هاندەران بونیاد بنێین، من تامەزرۆم بۆ ئەوەی بچمە ناو یاریگای پارک دێ پرێنسیس'.
هەروەها ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان لەبارەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ میسی دەڵێت 'من دڵخۆشم بەوەی مێسی یانەی پاریس سانجێرمانی هەڵبژارد و شانازی بەوە دەکەم پێشوازیی لە خۆی و خێزانەکەی دەکەم، من پێشبینی دەکەم هەموومان بەیەکەوە لەگەڵ یاریزانەکان مێژوو بۆ یانەکە و هاندەران بنووسینەوە'.