پەیکەری هەژار موکریانی لە مهاباد سوتێنرا
K24 – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیکەری هەژار موکریانی شاعیر و نووسەری ناوداری کورد، لە شاری مهاباد لە لایەن چەند کەسی نەناسراوەوە سووتێنرا.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، چەند کەسێکی نەناسراو لە ژێر پەیکەری هەژار ئاگریان کردووەتەوە و بوونەتە هۆی سووتانی بەشێک لە پەیکەرەکە.
پەیکەری هەژار کە لە گۆڕەپانێکی شاری مهاباد دانرابوو لە لایەن هونەرمەندی کورد هادی زیائەدینییەوە دروست کراوە.
لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار، پەیکەر و مەزارگەی هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی شاری مهاباد لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە شێوێندراوە. لە مانگی رابردووشدا چەند کەسێک کێل و بەردی گۆڕی محەممەد ماملێ، هونەرمەندی گۆرانبێژی مهابادیان رەش کردبوو.
هەژار موکریانی ناوی عەبدولرەحمانی شەرەفکەندییە، یەکێک بوو لە شاعیرە نەتەوەییەکانی کورد. لە 5/4/1921 لە دایکبووە لە شاری مەهاباد خوێندوویەتی و هەڵسوڕاوێکی چالاکی کۆماری دیموکراتی مەهاباد بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد لە 1946/01/22 بووه، پاش رووخانی کۆمار لە ساڵی 1947دا چووەتە سلێمانی و پاشان لەشاری بەغدا نیشتەجێ بووەو بۆ پایزی 1948 بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی کەتووشی سیل بوو، دەچێتە لوبنان 23/11/1948 تا 13/11/1950 و ساڵی 1950 گەڕاوەتەوە بەغدا.
هەژار موکریانی لە 21ی مانگی شوباتی ساڵی 1991دا لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا کۆچی کردووە و لە شاری مەهاباد نێژراوە.