وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش دەکەن

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لە کۆبوونەوەدان
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتنە هەولێر بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هەردوولادا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24: "لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش دەکەن، کە پێشتر رێککەوتنی لەسەرکراوە. ئەو دوو لیوایە ئەرکیان کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێت".

پەیامنێرمان زانیویەتی: "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر شوێنی ئەرک و لایەنی تەکنیکی پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە هاوبەشە دەکەن".

پێشتر لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە کوردستان24ی رایگەیاندبوو: " لە سەرەتادا دەبێ ئەو دوو لیوایە مەشقی تایبەتیان پێدەکرێت، دوای تەواوبوونی مەشقەکان شوێنی جێگیربوونیان بۆ دیاری دەکرێت، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک و تکریت و خانەقین جێگیر دەکرێن".