وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دیناری بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی كەمئاوی و وشكەساڵی ته‌رخانكرد

لە شاری هەولێر چەندین لیژنەی هاوبەش و مەیدانی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی پێكهێنراون و هەر هاووڵاتییەكیش كێشەی ئاوی هەبێت دەتوانێت سەردانی نزیكترین فەرمانگەی شارەوانی یان بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت
چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كه‌مئاوی له‌ هه‌رێمی كوردستان
چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كه‌مئاوی له‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگه‌یاند، هەر هاووڵاتییەك كێشەی ئاوی هەبێت، بە تانكەر ئاوی بۆ دابین دەكرێت.

راشیگه‌یاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیار درا بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دیناری دیكە، وەك قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی و وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان.

روونیشیكرده‌وه‌، لە شاری هەولێر، چەندین لیژنەی هاوبەش و مەیدانی، بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی پێكهێنراون و هەر هاووڵاتییەكیش كێشەی ئاوی هەبێت، دەتوانێت سەردانی نزیكترین فەرمانگەی شارەوانی یان بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت.

ئاماژه‌شیپێكرد، ئەنجوومەنی وەزیران، وەك قۆناغی دووەم، بڕیاریدا، بە دابینكردنی بڕی ملیارێك و 250 ملیۆن دینار، بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو و تەركیزخستنە سەر ئەو شوێنانەی كە گرفتی كەمئاویان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن.

ئاماژه‌شیپێكرد، لە شاری هەولێر سێ لیژنەی هاوبەش و مەیدانی پێكهێنراون، لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی بەهەدەردانی ئاوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ گرفتەكانی دابینكردنی ئاو دەكات، كە بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە دروست دەبێت، وەك شووشتنگەكان و باخچە نایاساییەكانی پێش ماڵان و شێوازەكانی دیكەی بەفیرۆدانی ئاو، هەروەها لیژنەیەكی دیكە لە هەر شەش شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو پێكهێنراوه‌، بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەك گرفتی ئاوی هەبێت و پێویست بە تانكەر بكات، تەنیا سەردانێكی نزیكترین شارەوانی خۆی بكات و لە رێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ دابین دەكرێت، هەروەها لیژنەیەكی مەیدانیش بۆ سەرپەرشتیكردنی لێدانی بیر و دابینكردنی بودجە بۆ چاككردنەوەی بیرەكان پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر، چارەسەر بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بڕیارە بۆ مانگەكانی (7 و 8 و 9 و10)، سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەكان، بكرێتەوە 100%، بۆ ئەوەی رووبەڕووی كێشەكان ببنەوە، بتوانن گرفتەكانی هاووڵاتییان چارەسەر بكەن و تەواوی دامودەزگاكانی حكوومەت، پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو دەبن.

روونیكرده‌وه‌، فەرمان به‌ لایەنی وەزارەتی كارەباش كراوە، كە دەرخستەیەك پێشكەش بكەن بۆ سەرفكردنی پارە، بۆ ئه‌وه‌ی تەواوی بیرەكانی شاری هەولێر كارەبای بەردەوامیان هەبێت و بە فیدەرێكی بەردەوامەوە ببەسترێتەوە كە ئەمەش كاریگەری ئەرێیی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی دابینكردنی ئاو لە شاری هەولێر، دەبێت.

سه‌رچاوه‌: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار

ك.ب