هەڵمەتێکی 20 رۆژە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر دەستیپێکرد

دەزگای خێرخوازی بارزانی 45 ملیۆن لیتر ئاوی خواردنەوەی بۆ هەولێر دابینکردووە
ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر دابه‌ش ده‌كات.. فۆتۆ: رێباز سیان
ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاو له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر دابه‌ش ده‌كات.. فۆتۆ: رێباز سیان

K24- هه‌ولێر:

هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گەڕەکانەی هەولێر دەستیپێکرد، کە کێشەی کەم ئاویان هەیە، هەڵمەتەکەش ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت و بەهاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی بەرێوەدەچێت، سەرۆکی دەزگاکەش رایگه‌یاند، تا ئێستا 45 ملیۆن لیتر ئاومان لە هەولێر دابەشکردووە و بەردەوامیش دەبین، سێ لیژنەش بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاوی هەولێر پێکهێنرا.

هەڵمەتی دابەشکردنی ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی کێشەی کەم ئاویان هەیە، ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌ و هەڵمەتەکە لە رێگەی ئەو تەنکەرانە دەبێت کە بەسەر شارەوانییەکان دابەش دەکرێن و 24 کاتژمێر ئاو بۆ ئەو ماڵانە دەبەن کە کێشەی کەم ئاویان هەیە، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رێگەی هاوبەشەکانی ئەم هەڵمەتەیان دەستپێکردووە، سەرۆکی دەزگاکەش دەڵێت لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی  زیاتر لە 45 ملیۆن لیتر ئاومان لە هەولێر دابەشکردووە بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کێشەی کەم ئاویان هەیە.

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌ستی به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كردووه‌ و "موسا ئەحمەد"، سەرۆکی دەزگاكه‌ گوتی: "ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه‌ له‌ رۆژانی پشووشدا به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئێستا زیاتر له‌ 45 ملیۆن لیتر ئاومان دابه‌شكردووه‌‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین".

دەسپێکردنی هەڵمەتەکە دوای راسپاردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات بۆ دەزگا پەیوەندارەکان کە ئاو بۆ هەموو ماڵێك دابینبکەن،  پارێزگاری هەولێر و یەکە ئیدارییەکان سەرپەرشتی دابەشکردنی ئاو بۆ ئەو ماڵانە دەکەن، کە کێشەی کەم ئاویان هەیە، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت ئاو دەگەیەنینە هەموو ماڵێك و هەڵمەتەکەش 20 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: "سوپاسی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام ئاوی دابینكردووه‌، ئه‌مڕۆش ده‌ستمان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ كردووه‌، بۆ دابه‌شكردنی ئاو و 3 لیژنه‌شمان پێكهێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ به‌فیڕۆدانی ئاو بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی باشتر ئاو دابه‌شبكرێت، له‌ هه‌ر گه‌ڕه‌كێك كێشه‌ی ئاو هه‌بێت، هاووڵاتیان په‌یوه‌ندی به‌ شاره‌وانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ بكه‌ن، ته‌نكه‌ری ئاومان بۆ هه‌موو شاره‌وانییه‌كان دابینكردووه، به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ كاتییه‌ و به‌شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مئاوی ده‌كه‌ین‌".

دابەشکردنی ئەم تەنکەرە ئاوانە بۆ هەموو شارەوانییەکانە تا ئاو بگەیەنرێتە هەموو ماڵیێك، ئەمەش چارەسەرێکی کاتییە و سێ لیژنە دیاری کراوە کێشەی کەم ئاوی هەولێر چارەسەر بکات، لیژنەیەك سەرپێچییەکان دەبڕێت و لیژنەیەك ئاو دابین دەکات و  لیژنەیەکیش پێداچوونەوە بە تۆڕەکانی ئاو و نۆژەنکردنەوە و لێدانی بیری نوێ دەکات، لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمیش بڕیارە بۆڕی ئاوی ئیفراز چوار بۆ هەولێر جێبەجێ بکرێت، کە کێشە سەرەکییەکەی ئاوی هەولێر چارەسەر دەکات.

د.ی