38 حزب لە کوردستان مۆڵەتیان هەیە

یاسای پارتە سیاسییەکان حزبەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

K24- هه‌ولێر:

(38) حزب لە هەرێمی کوردستان بەپێ یاسای ژمارە (17)ی ساڵی (1993)ی هەموارکراو، مۆڵەتی کردنەوەی بارەگا و ئەنجامدانی چالاکی سیاسییان پێدراوە، یاساكه‌ ئەو حزبانە دەگرێتەوە، کە لە ناو هەرێمی کوردستانن، بەڵام یاسایەکە حزبەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق ناگرێتەوە، ئەگەر لە وڵاتی خۆیان مۆڵەتی کارکردنیان پێنەدرابێت.

لە هەرێمی کوردستان حزبە سیاسییەکان بەپێ یاسای ژمارە (17)ی ساڵی (1993)ی هەموارکراو، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کردنەوەی بارەگا و ئەنجامدانی چالاکی سیاسییان پێدەدرێت، ئەمە بۆ ئەو حزبانەی ناو هەرێمی کوردستانە، بەڵام یاسایەکە حزبەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق ناگرێتەوە، ئەگەر لە وڵاتی خۆیان مۆڵەتی کارکردنیان پێنەدرابێت.

عەبدوڵڵا حەسەن، بەرپرسی كۆمەڵە و حزبەكان لە وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتی خۆیان مۆڵه‌تیان نه‌بێت، ناتوانن له‌ هه‌رێمی كوردستان چالاكی سیاسی ئه‌نجام بده‌ن، له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ناتوانین هه‌ڵسه‌كه‌وتیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، مۆڵه‌تیان پێبده‌ین و باره‌گا بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتی خۆیان مۆڵه‌تی یاساییان هه‌بێت، ئه‌وا لێره‌ش به‌ پێی یاسا مۆڵه‌تیان پێده‌ردێت".

جگە لە حزبە کوردستانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان، پێنج حزبی عێراقیش بەپێی مەرجەکان مۆڵەتی چالاکی سیاسییان پێدراوە، لە مەرجەکان نابێت پێچەوانەی سیستەمی دیموکراسی هەرێمی کوردستان کار بکەن، پێویسته‌ دژی دابونەریتی گەلی کوردستان نەبن، رێز لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بگرن و دووربن لە توندوتیژی. لەسەر ئاستی عێراقیشدا، لە چوارچێوەی دەستوور بابەتی پێکهێنانی حزب و چالاکی سیاسی رێکخراوە.

سۆران عەلی، پسپۆڕی یاسای دەستووری گوتی: "به‌پێی یاسای به‌ركار، ژماره‌ (36) له‌ ساڵی 2015 له‌ عێراق، كه‌ باس له‌ پێكهێنانی حزب و‌ چۆنیه‌تی ئینتیما و بواری دارایی و چالاكییه‌كانی ده‌كات، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌، ئه‌وانه‌ی حزب داده‌مه‌زرێنن، ده‌بێت هاووڵاتی عێراقی بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت ئه‌ندامانی حزكه‌ش عێراقی بن".

ئێستا جگە بەشێك لە حزبەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کە بە دۆخێکی سیاسی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندان، توانیویانە رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگرن، بەڵام ئەوەی کێشەی بۆ خەڵك و حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستکردووە، پەکەکەیە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی گوندەکانی هەرێمی کوردستان.

د.ی