نزیکەی 300 هەزار دەنگدەری عەرەب لە کەرکووک زیادکراوە
K24 - هەولێر
بەهۆی هاتنی بە لێشاوی عەرەب بۆ کەرکووک، نزیکەی 300 هەزار دەنگدەر بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی عێراق زیادیکردووە، ئەمەش بە مەترسی بۆسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دادەنرێت. داوا دەکرێت پێش هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران وردبینی تێدا بکرێت.
نزیکەی 30 هەزار خێزانی عەرەب لە چوارساڵی رابردوو هاتوونەتە کەرکووک، بەشێکی زۆریان کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ کراوە و فۆڕمی خۆراکیان گواستووەتەوە، بەمەش ژمارەی دەنگدەران لە کەرکووک، لە 800 هەزارەوە بۆ ملیۆنێک و 75 هەزار و 510 کەس زیادیکردووە.
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "پرۆسەی تەعریب کردنی کەرکووک لە ئارادایە، بەو عەرەبە هاوردانەی هێنراونەتە کەرکووک، لایەنە عەرەبییەکان چەند ناوچەیەکی کەرکووکیان بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن مسۆگەر کردووە".
گوتیشی: "دەبێ لەبەرامبەر ئەو تۆمارە زۆرەی لەناو تۆماری گشتی دەنگدەران کراوە، وەک لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوا بکەین پرۆسەی هەڵبژاردن رابگیرێت، تا تۆماری دەنگدەران پاکدەکرێتەوە، چونکە ئەگەر کەرکووک بە شەڕ لەدەست بدەین ئاساییە و دەتوانین بە شەڕ وەریگرینەوە، بەڵام کاتێک بە یاسا لە دەستی بدەین وەرگرتنەوەی ئەستەمە".
هاتنی بەلێشاوی عەرەب بۆ کەرکووک، لەئاستی شەقامیشدا هاووڵاتیانی کوردی نیگەرانکردووە و پێیانوایە ئەوەی دەکرێت پلانی تەعریبە، کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکان کورد و ئایندەی شارەکەیان دەبێت. هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەرکووک کە بۆ کوردستان24 دوا ئاماژەی بەوەکرد: "خەڵكێکی زۆری عەرەب هێنراوەتە کەرکووک و کارتی دەنگدانیان بۆ دروستکراوە، ئەمە زۆر مەترسیدارە بۆ ئایندەی کورد لە کەرکووک".
ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند: "نەک هەر لەناو شار، بەڵکو عەرەنی هاوردە لە گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک زۆر زیادیکردووە، لە بەرامبەردا لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە زۆر هاووڵاتییانی کورد، کەرکووکیان جێهێشتووە و لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە".
کەرکووک بۆهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ سێ بازنە دابەشکراوە، بازنەی باشوور کە سنووری حەویجە دەگرێتەوە، سێ کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی هاتوونەتە کەرکووک و کارتی بایۆمەتریان گواستووەتەوە و لە سەنتەری شار دەنگ دەدەن.