ئێران: وهزيرى دهرهوهى سعووديه دهشتهكييه
K24 – ههولێر:
موحسێن رەزایی سەرۆكی كۆمەڵەی دیاركردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە كاردانەوەیەكی توندا بەرامبەر بە سعودییە رايگهياند، ھەڵسوكەوتی وەزیری دەرەوەی سعودییە وەكوو بیابان نشینەكانی سەدەكانی سەرەتاییە كە تازە ھاتبێتە شار و حوشترەكانیان لە ناوەندی گۆڕەپانی ریازدا راگرتووە. رەزایی دەشڵێت، با ئەلجوبەیر چەند ھەفتەیەك بێت بۆ ئێران و لێرە فێری سیاسەت و دیپلۆماسی ببێت.
بە گوێرهى ھەواڵدەری فارس-ی نزیك لە سوپای پاسداران، موحسێن رەزایی رایگەیاند، سعودییە دەڵێت ئێران نابێت ھاوكاری عێراق بكات، بەڵام دەستێوەردان و داگیركردنی یەمەن بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت.
گوتیشی: سعودییە نایەوێت پاراستنی ئەمنییەتی ھاووڵاتیانی وڵاتانی دیكە لە مەراسیمی حەجدا لەئەستۆ بگرێت و رێگری لە ئێرانییەكانیش دەكات بۆ بەشداریکردن لە مەراسمی حەج لە سعودییە.
ھەر ئەمڕۆ عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودییە رایگەیاندبوو، ئێران ھۆكاری ئاژاوە و دووبەرەكییە لە عێراقدا و دەستێوەردانەكانی لە عێراق قابلی قەبووڵكردن نین.