پێشانگایه‌كی هونه‌ری له ژاپۆن به به‌شداری كاری هونه‌ری 14 شێوه‌كاری كورد كرایه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بۆ یه‌كه‌مجار 14 هونه‌رمه‌ندی كورد، به كاره هونه‌رییه‌كانیان به ناوی كوردستان به‌شداری پێشانگایه‌كی هونه‌ری بكه‌ن له شاری یۆكۆهامای ژاپۆن.
له بێناڵییه‌كه‌دا، كه به واتای پێشانگای گه‌وره‌ی هونه‌ری دێت كه له سه‌رتاسه‌ری جیهان هونه‌رمه‌ندان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، گۆشه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ شێوه‌كارانی كورد ته‌رخان كراوه، هه‌ندێك له كاره‌كان تابلۆی شێوه‌كارین و هه‌ندێكیشیان به ڤیدیۆ ئارت به‌شدارییان تێدا كردووه.
پێشانگاكه له شاری یۆكۆهاما له 11ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2021 كراوه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاریش بوو هونه‌رمه‌ندانی كورد خۆیان ئاماده‌ی پێشانگاكه بن، به‌ڵام به‌هۆی رێكاره‌كانی تایبه‌ت به كۆرۆنا و راگرتنی گه‌شت له‌لایه‌ن وڵاتی ژاپۆنه‌وه، نه‌توانرا گه‌شته‌كه‌یان ئه‌نجام بده‌ن.
هێرش سدیق، یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌نده شێوه‌كارانه‌ی كورد، كه به سێ تابلۆی هونه‌ری به‌شداری كردووه، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، كاره هونه‌رییه‌كان له رێگه‌ی ئه‌وروپاوه گه‌یه‌نراونه‌ته پێشانگاكه، بێناڵییه‌كه‌ش زیاتر له 250 هونه‌رمه‌ند له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌شدارییان تێدا كردووه.
سمكۆ ئه‌حمه‌د، رێكخه‌ری كاره هونه‌رییه‌كانی كورده و خۆیشی به زنجیره‌ی كاره‌كانی "كچه ونبووه‌كان" به‌شداری له پێشانگاكه كردووه رایده‌گه‌یه‌نێت، یەکەمین جارە هونەرمەندانی کورد لە شاری یۆکۆهاما کارەکانی خۆیان نمایش بکەین، خوازیاریشه له‌م کۆرنەرە بچوکەوە بتوانن خزمەتێک بە هونەری شێوەکاری کوردی بكه‌ن.
14 هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی كورد پێكهاتوون له ئیسماعیل خه‌یات، ئیسماعیل عومه‌ر، ئاودێر عوسمان، ئیلیاس كیركان، ئاراز حه‌مه‌حوسێن، ساكار سلێمان، سمكۆ ئه‌حمه‌د، رێبوار سه‌عید، كۆسار جه‌لال، ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز، لاورانس كاماس، عه‌لی ره‌زا گه‌رمیانی، هێرش سدیق و دڵشاد به‌هادین.