لە ئێران 5 رۆژ هاتووچۆ قەدەغه‌ كرا

رۆژانه‌ 500 تا 600 كه‌س به‌ كۆرۆنا ده‌مرن
هاووڵاتیانی ئێران له‌ چاوه‌ڕوانی نۆره‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنان
هاووڵاتیانی ئێران له‌ چاوه‌ڕوانی نۆره‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنان

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە شەپۆڵی پینجەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا دەسەڵاتدارانی ئێران 5 رۆژ قەدەغەی گشتی هاتووچۆیان راگه‌یاند و دەوامی فەرمی دامودەزگاکانیان راگرت و بڕیاریشیانداوە پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتیان خێرا بکەن.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە شەپۆڵی پینجەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا دەسەڵاتدارانی ئێران ماوەی پێنج رۆژ قەدەغەی گشتی هاتووچۆ و دەوامی فەرمی دامودەزگاکانیان راگەیاند، هەروەها بڕیاریشیاندا پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین به‌ هاووڵاتیان خێرا بکەن، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە نیگەرانن لە درەنگ خێراکردنی پڕۆسەکە و دەشڵێن تازە کار لە کار ترازاوە و رۆژانەش زیاتر لە 500 بۆ 600 کەس دەمرن، کە بە هەزاران کەس بەهۆیەوە تازیەبار دەبن.

حامید رەحمەتی، پزیشك گوتی: " پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین کارێکی زۆر باشە، بەڵام پێویستی بە بڕیاری دەسەڵاتداران هەیە، کە ڤاکسینی زیاتر هاوردە بکەن، کە نایکەن، ئەوکاتەی کە دەبوو ڤاکسین هاوردە بکەن نەیانکرد، ئێستاش کاتەکە زۆر درەنگە و رۆژانە زیاتر لە 500 بۆ 600 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەمرن، ئەوەش ژمارەیەکی کەم نییە، چونکە رۆژانە لانی کەم هەزار و 500 کەس بەهۆی ئەو مردنانەوە تازیەبار دەبن".

وێرای بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین، بەڵام هاووڵاتیان پڕۆسەکە بە بێسەروبەر ناودەبەن و بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی خراپ هەست بەبێزاری دەکەن.

حەمید، ئەندازیاره‌ و به‌م شێوه‌یه‌ باسی ره‌وشه‌كه‌ ده‌كات، پڕۆسەکە زۆر بێسەروبەرە، هیچ پلانێکیان نییە، زیاتر لە 3 کاتژمێرە ئەوبەر و ئەوبەرمان پێدەکەن، دواتر دەچین و لێیان دەپرسین نۆرەمانە؟ دەڵێن نا دەبێت چاوەڕێ بکەن.

کۆرۆنای دەلتا، کە زنجیرەیەکی کوشندەی کۆرۆنایە زۆر بەخێرایی لە ئێران بڵاودەبێتەوە، تاوەکو ئێستا ئامارە فەرمییەکان لە ئێران نیشانی دەدەن، کە زیاتر لە چوار ملیۆن و 380 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوونە، زیاتر لە 97 هەزار تووشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە.

د.ی