رێژەی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق چوار هێندەی هەرێمی کوردستانە

"سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان سەرکەوتووتر بووە"
شاری هەولێر
شاری هەولێر

K24 - هەولێر

دامەزراوەی موستەقبەل لە نوێترین راپۆرتیدا پشتی بە نوێترین داتاکانی رێژەی هەڵاوسانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەستووە، کە تێیدا روونی کردووەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان 3٪ـە و لە پارێزگاکانی خواروو ناوەڕاستی عێراقیش چوار هێندە بەرزترە واتە ٪12ـەیە.

مەنار ئەلعوبەیدی پسپۆڕی ئابووری و دامەزرێنەری دامەزراوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند "ئەگەر ژمارەکان بەراورد بکرێن دەردەکەوێت کە رێژەی هەڵاوسان لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون، بە تایبەت کرێ و کاڵا خۆراکییە سەرەکییەکان و کەرتی پەروەردە لە پارێزگاکانی خواروو ناوەڕاست بەرزترن"، هۆکاری سەرەکی ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێنێتەوە. کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە هەمان بارودۆخ و قەیراندا تێپەڕیون.

ئەلعوبەیدی، دەشڵیت "ئەو رێژانە دەرخەری ئەوەن کە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان سەرکەوتووتر بووە، حکومەتی عێراق شکستی هێناوە و بڕیارەکانی هەنووکەیین، بۆیە دۆخەکە بەو ئاستە گەیشتووە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی نوێترین داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە مانگی حوزەیران بۆ مانگی ئایار بڵاوکراوەتەوە، رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە مانگی نیسان بە رێژەی 0.8٪ بەرزبووەتەوە و لەسەر ئاستی ساڵانەش 0.8٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

لە داتاکانی دەستەی ئاماری عێراقیشدا هاتووە، رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی حوزەیران بەرێژەی 0.7٪ لەسەر ئاستی مانگانە و 6.5٪ لەسەر ئاستی ساڵانە بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە. هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەشی بۆ گرانبوونی کرێی موەلیدەکان لەسەرتاسەری عێراق گەڕاندەوە، کە لە سەرجەم پارێزگاکانی خواروو ناوەڕاستی عێراق کرێی موەلیدە بە رێژەی 15.9٪ زیادیکردووە، هەروەها نرخی سووتەمەنی بەرێژەی 0.6٪ و کرێی خانووبەرە بە رێژەی 0.2٪ بەرزبوونەتەوە.