حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی گوندی کۆجۆ تێدەپەڕێت

تائێستا 525 کەسی گوندەکە بێسەروشوێنن
ژمارەیەک روفاتی دانیشتووانی کۆجۆ کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە
ژمارەیەک روفاتی دانیشتووانی کۆجۆ کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە

K24 - دهۆک

حەوت ساڵ بەسەر داگیركردن و جینۆسایدكردنی گوندی كۆجۆ لە لایەن چەكدارانی داعش تێدەپەڕێت، كە داعش لە ساڵی 2014 جینۆسایدی كرد، زۆربه‌ی دانیشتوانی گوندەکە شه‌هید و بێسه‌رشوێن كران و ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ربازیش بوون له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژیان. به‌شێكی زۆری كچان و ژنانی ئه‌و گونده‌ کەوتنە‌ ژێرده‌ستی تیرۆرستانی داعش و پیاوه‌كانیان گوللـه‌باران ‌كران. دوای رزگاركردنیشی 17 گۆڕی بەكۆمەڵ لە کۆجۆ دۆزرانەوە.

بەر لە جینۆسایدکردنی گوندی کۆجۆ، خەڵکەکەی بەوە دەناسرانەوە کە هەمیشە بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان بە جۆش و خرۆش بەڕێ دەکەن، ئەوکات کۆجۆ گوندی خۆشی و گۆڤەند و جوانی بوو، بەڵام لە 15/8/2014 و لە شەوێکی تاریکدا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆجۆ و ژیانیان لە گوندنشینان کردە دۆزەخ.

کجێ عەمێ، دانیشتووی گوندی کۆجۆ یەکێکە لە رزگاربووانی دەستی داعش، لەنێو 1250 کەس ئەو لەگەڵ 19 کەسی دیکە لەدەستی داعش دەربازبوون، تائێستا 31 کەس لە کەسوکاری کجێ بێسەروشوێنن، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی لە 3ی ئاب شنگال کەوتە دەست داعش، کۆجۆ 12 رۆژ دابڕێنرا و بەهۆی خەڵکی بە تەمەن ئێمەش نەمانتوانی گوندەکە جێبهێڵین، لە 15ی ئاب داعش هێرشی کردە سەر کۆجۆ و داگیری کرد".

ئافرەتێکی گوندەکە چیرۆکی رفاندنیان لەلایەن داعش دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "کەسوکاری ئێمەیان لەبەرچاومان کوشت و ئێمەیان بردە سووریا و لە یەکتریان دوورخستینەوە".

گوندی کۆجۆ سەر بە قەزای شنگالە و پێش هاتنی داعش ژمارەی دانیشتوانی گوندی کۆجۆ 1700 کەس بوون، پاش 12 رۆژ گەمارۆدانی گوندەکە داعش هێرشی کردە سەر و لە 15ی ئابی 2014 داگیری کرد و خەڵکی گوندەکەی جینۆسادی کرد، دوای رزگارکردنی 17 گۆڕی بە کۆمەڵ لە کۆجۆ دۆزرانەوە کە تەرمی 400 کەسی تێدابوو، تائێستا 525 کەسی دیکەی ئەو گوندە بێسەروشوێنن.