پارتی لە کەرکووک بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد

پارتی چەند نووسینگەیەکی لە کەرکووک کردووەتەوە
سامان رەشید، رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک
سامان رەشید، رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک

K24 - کەرکووک

ئامادەكارییەكانی لایەنەكان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی عێراق دەستیپێکردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ھەوڵدەدات لە ناوچە كوردستانییەكان دەنگی راستەقینەی كورد بگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق.

لەوبارەوە سامان رەشید، رێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە كوردستان24ی راگەیاند: "كەركووك دابەشبووە بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن و كاندیدەكانی پارتی دابەشبوون بەسەر بازنەی یەك و دوو".

گوتیشی: "ئەو بەرنامەیەی کە هەمانە بەرنامەکی گشتگیرە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە کەرکووک چەند نووسینگەیەکمان کردووەتەوە، لەو نووسینگانە ئیش و کارەکانمان لەچوارچێوەی رێنماییەکانی کۆمسیۆن دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دۆخێکی نائاسایی لە کەرکووک هاتووەتە ئارەوە و ئیدارەیەکی سەربازی لە شارەکە هەیە و چەندین هێزی جیاواز لە شارەکە هەن، هەرچەندە بارەگاکانی ئێمە داگیرکراون، بەڵام ئێمە لەو نووسینگانە کاردەکەین، ئەگەر رێگریەکیش بێتە پێشمان ئەوا سکاڵا دەکەین".

سامان رەشید، راشیگەیاند: "لەم قۆناغەدا وەک پارتی بۆ بانگەشە و بەڕێوەبردنی کارەکانمان نووسینگەکانمان لە کەرکووک کردووەتەوە، هەوڵ بۆ سەرخستنی کاندیدەکانمان دەدەین، لە رێگەی پەرلەمانتارانمان هەوڵدەدەین لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و کێشەکانی شارەکە چارەسەر بکەین".

باسی لەوەشکرد: "ئێستا کاندیدەکانمان لە کەرکووکن و هەڵمەتی بانگەشەیان لە شارەکە دەستپێکردووە".