بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان: 200 ملیاره‌كه‌ سولفه‌یه‌ نه‌ك بودجه‌

چاوەڕێی دەکرێت به‌غدا و هه‌ولێر بەم نزیکانە بگەنە رێککەوتن تا ئەو کاتەش بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە
گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا
گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا

K24 – هه‌ولێر:

هەولێر و بەغدا، لەبارەى داهاتی نەوت، لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2021، گەیشتوونه‌ته‌ رێککەوتن، ئەوەی ماوەتەوە گفتوگۆکردنە لەسەر داهاتە نانەوتییەکان، کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگه‌یاند، گفتوگۆكردن بۆ رێككەوتن بەردەوامە و چاوەڕێی دەکرێت بەم نزیکانە بگەنە رێککەوتن، تا ئەو کاتەش، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی 200 ملیار دیناری، مانگانە.

هەولێر و بەغدا، لە رووی تەکنیکیەوە نەگەشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوەرۆکی یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە بواری نەوتە،  هەردوولا لەسەر بڕی راده‌ستکردنی  نەوت و داهاتی نەوت رێککەوتوون، ئەو رێککەوتنەشیان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی 2021، کە  لە بەرامبەر رادەستکردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ و لەگەڵ داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت، لە بەرامبەردا دەبێت حكومەتی عێراق، بودجەی ھەرێمی كوردستان بنێرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژه‌یپێكرد، یەکێک لە برگەکانی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا، رادەستکردنی لەسەدا 50ی، داهاتی خاڵە سنورییەکانە، بەڵام تا ئێستا دانووستاندن لەسەر لایەنی تەکنیکی ئەو برگەیە ماوە، هەولێر و بەغدا لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە گفتوگۆكانیان بەردەوامن.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان روونیكرده‌وه‌،  حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاماددەییەکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو برە پارەیەش بەغدا دەینێرێت،  سولفەیە نەک  بودجەی تەواوی  هەرێمی کوردستان.

محەمەد سەعدەد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، کێشەی داهاتی نەوت لە نێوان هەولێرو بەغدا تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە لە نێوانیاندا داهاتی نانەوتیەکانە، هەرکات لەسەر ئەمەش گەشتنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەو کات ماددەی 11ی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تا نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی ئەوا بەغدا  لەناردنی 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت.

ك.ب