عێراق 18 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکە دەکڕێت

"تەندروستی عێراق دەیەوێت تا کۆتایی ساڵ وەرگرتنی ڤاکسین لە عێراق بگاتە 60٪"
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشکرای کرد، پلانیان ئامادەکردووە، بۆ کڕینی 18 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباحی فەرمی وڵاتەکەی، ریاز حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، گرێبەستییان لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی جیهان کردووە، بۆ دابینکردنی 33 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، پلانیش ئامادەکراوە بۆ هاوردەکردنی 18 ملیۆن ژەمە ڤاکسین لە داهاتوویەکی نزیکدا، بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵ رێژەی ڤاکسینکردنی خەڵک بگاتە 60٪.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حەلفی، کۆی ژمارەی ڤاکسینی داواکراو دەگاتە 48 ملیۆن، ئەمە جگە لەو بڕەی بێبەرامبەر لەلایەن هەندێک وڵاتەوە پێشکەشکراوە.

ئێستا لە عێراق هەرسێ جۆرە ڤاکسینی ڤایزەر، سینۆفارم و ئەسترازینیکا بەکاردێن، زیاتر لە 750 هەزار بنکەش بۆ پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان تەرخانکراون.