ئه‌مه‌ریكا رێكکه‌وتنی ژێربه‌ژێری له‌گه‌ڵ تاڵیبان هەبوو؟
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا
دوێنێ 16ی ئاب (ئۆگه‌ستی 2021)، سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی ئاڵای ئه‌مه‌ریكای له باڵه‌خانه‌كه هێنایه خواره‌وه، له‌شێوه‌ی مه‌راسیمێكی سه‌ربازیدا پێچایه‌وه و له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی كابول بردی، سه‌ربازێكی دیكه‌ش كڵۆمی له ده‌رگای باڵیۆزخانه‌كه‌دا و كلیله‌كه‌ی نایه ناو گیرفانی و به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی كابول به‌رێكه‌وت.
پرسیارێك كه جێماوه له‌لای خه‌ڵك، بۆچی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان تا ئه‌مڕۆ 17ی ئاب، هێرشی نه‌كردووەته سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا كه هه‌ر سێكیان له یه‌كه‌وه نزیكن. ئایا هیچ رێكکه‌وتنێك كراوه له‌سه‌ر ئه‌مه وا ئه‌نتۆنی بلینكین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ زه واشنتن پۆست ئاشكرای كردووه كه به تاڵیبان-یان راگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ریكا په‌رچه‌كرداری قورس و خێرا‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر هێرشێك بكرێته سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان.
كه‌واته دیاره رێکكه‌وتنێك هه‌بووه و تا ئه‌مساته هه‌ردوولا ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان پابه‌ندكردووه به‌و رێکكه‌وتنه‌ی كه هه‌یانه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌ی بی سی نیوز، نید پرایس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی كه ئه‌مه‌ریكا تا ئه‌مساته پارێزگاری له بوونی دیپلۆماتی خۆی ده‌كات له پایته‌ختی ئه‌فغانستان به‌و پێیه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ پارێزراو و سه‌لامه‌ت بێت. پرایس گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان تا ئه‌مساته له په‌یوه‌ندیدان به تایبه‌تی له رێگه‌ی زاڵمای خه‌لیل زاد كه تا ئێستا له دوحه-ی پایته‌ختی قه‌ته‌ره و پشت به به‌ڵێنی سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان ده‌به‌ستێت".
هه‌روه‌ك پێنتاگۆن ئاماژه پێداوه، پرایس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش رایگەیاندووە، له‌گه‌ڵ تاڵیبان رێكکه‌وتوون كه هیچ هێرشێك نه‌كرێته سه‌ر رێڕه‌وی پاشه‌كشێی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، پرایس گوتی: "هه‌ندێك وتوووێژ و گفتوگۆ هه‌یه بنیاتنه‌ره، به‌ڵام ئێمه چاودێری كرده‌وه‌كان ده‌كه‌ین نه‌ك وشه".
ئیداره‌ی تره‌مپ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو سه‌رقاڵی گفتوگۆكردن بوو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زاڵمای خه‌لیل زاد نێرده‌ری تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێكکه‌وتنی نیشتمانی ئه‌فغانستان و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ تاڵیبان، تایبه‌ت بوو به‌و مه‌له‌فه‌و سه‌ركه‌وتنیشی تێدا به‌ده‌ستهێنا، هه‌رچه‌نده هه‌میشه واده‌ركه‌وت كه رێكکه‌وتنه‌كان شكستیان هێناوه، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوونی خۆی به رێكکه‌وتنه‌كه‌وه سه‌لماندووه.
له‌م هه‌فته‌ی رابردووش‌دا خه‌لیل زاد هه‌وڵه‌كانی بۆ پاڵپشتی گفتوگۆكانی به‌رده‌وامی هه‌یه له‌گه‌ڵ تاڵیبان و له هه‌مووشی گرنگتر وه‌رگرتنی گره‌نتییه له تاڵیبان كه نه‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر گه‌لی ئه‌مه‌ریكا و ئامانجه‌كانی.
رۆژی 29 شوبات (فێبریوه‌ری 2020) رێکكه‌وتنی دەوحه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان واژۆ كراوه، كه به رێكکه‌وتنێكی مێژوویی داده‌نرێت، له‌ناو رێكکه‌وتنه‌كه‌دا به‌ده‌ق هاتووه: "له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایار (مایۆ-ی 2021) ته‌واوی هێزی هاوپه‌یمانان ده‌ست به‌كشانه‌وه بكه‌ن تا كۆتایی مانگی ئاب (ئۆگه‌ستی 2021) به‌رامبه‌ر گره‌تنی ئاسایش و ئارامی له ئه‌فغانستان و سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی پێشوه‌خت له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و حكومه‌تی ئه‌فغانستان".
په‌یمانی ناتۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی له رێكکه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، له مانگی ئایار (مایۆ-ی 2021) 9500 سه‌ربازی له ئه‌فغانستان كشانده‌وه له‌نێویاندا 2500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بوو. پاشه‌كشه‌كه‌ش له بنكه‌ی قه‌نده‌هار-ی ئاسمانی بوو كه گرنگترین بنكه‌ی سه‌ربازی بوو له ئه‌فغانستان.
دواتر له 2ی حوزه‌یران (یۆلیۆ-ی 2021) په‌یمانی ناتۆ بنكه‌ی باگرام -ی ئاسمانی چۆڵكرد و ته‌واوی هێزه‌كانیان كشانده‌وه كه زیاتر له 2500 سه‌ربازی تێدابوو، جگه له‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی ستراتیژی هاوپه‌یمانان و ته‌نیا 50 كیلۆمه‌تر له كابول-ه‌وه دووره.
ئه‌وه‌ی كه مایه‌وه به‌شێكی كه‌می سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا بوون له چوارده‌وری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كابول و به‌شی سه‌ربازی فرۆكه‌خانه‌ی كابول-ی نێوده‌وڵه‌تی كه بڕیار بوو له ناوه‌ڕاستی مانگی ئاب (ئۆگه‌ستی 2021) ئه‌وانیش بكشێنه‌وه.
پرۆسه‌ی رێكه‌وتنه‌كه به‌باشی رۆیشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزكرد له ئه‌مه‌ریكا سه‌رنه‌كه‌وتنی رێكه‌وتنی نێوان تاڵیبان و حكومه‌تی ئه‌فغانستان بوو.
له مانگی ئایار (مایۆ-ی 2020) عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی ته‌نفیزی كه سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی دانووستانی حكومه‌تی ئه‌فغانستانی ئه‌كرد له‌گه‌ڵ تاڵیبان، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان دوو مانگ پێشتر رێكکه‌وتنیان كردبوو.
ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی مایك پۆمپیۆ-ه‌وه زۆر هه‌وڵی دا كه رێكکه‌وتنی نێوان تاڵیبان و حكومه‌تی ئه‌فغانستان خێرا‌و سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌پێی هه‌واڵێكی ئه‌ی بی سی نیوز له‌سه‌ردانه‌كه‌ی 23 ی ئادار (مارسی 2020) كاتێك مایك پۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشوو چاوی به عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی ته‌نفیزی كه‌وت هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه واشنتن هاوكارییه داراییه‌كانی حكومه‌تی ئه‌فغانستان ده‌بڕێت ئه‌گه‌ر رێکكه‌وتنه‌كه شكست پێ بهێنن.
گفتوگۆكانی حكومه‌تی ئه‌فغانستان و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان وه‌ك رێكه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تالیبان خێرا و یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌بوو، بۆیه تا كه‌وتنی كابول و هه‌ڵاتنی ئه‌شره‌ف غه‌نی سه‌رۆكی وڵات هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی له‌مانگی ئایار (مایۆ-ی 2021) ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له له بنكه‌ی قه‌نده‌هار-ی ئاسمانی كشانه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئه‌م هه‌واڵه‌ی به فرسه‌ت زانی بۆ تێكشكاندنی وره‌ی سوپای ئه‌فغانستان و جه‌نگێكی توند له‌نێوان تاڵیبان و سوپای ئه‌فغانستان دروستبوو له ناوچه‌ی هلمند-ی باشوور و بووه هۆی كۆنترۆڵكردنی كه‌رتی بوركا-ی له‌ویلایه‌تی بگلان.
هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌كات كه ناوه‌نده میدیاییه‌كانی ئه‌فغانستان و ئه‌كادیمییه‌كانی ئه‌فغانستان نه‌توانن هیچ ره‌خنه‌یه‌كیان له ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت، بۆ پاشه‌كشه‌كه و پرۆسه‌ی رێكکه‌وتنیش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان مه‌به‌سته‌كه‌ی ئاشكرا بووه، كه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ی ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
بۆیه كاتێك ئێستا له‌ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ره‌خنه له سه‌رۆك جۆو بایدن ده‌گیرێت، ئه‌و به شێوه‌یه‌كی ژیرانه وه‌ڵامده‌داته‌وه و به‌شێك له سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه ئه‌كات به ده‌ستكه‌وتی خۆی و به‌شێكی تری ئه‌یكات به پاشماوه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ.
له راستیدا ئه‌وه‌ی رووده‌دات، به‌رهه‌می ئیداره‌ی تره‌مپ و به‌تایبه‌تی هه‌وڵی لێنه‌بڕاوی مایك پۆمپیۆ-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووه.
به‌ر له رۆژی 29 شوبات (فێبریوه‌ری 2020) كه رێکكه‌وتنی دوحه-ی له نێوان ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان تێدا واژۆ بكرێت، دۆناڵد تره‌مپ ساڵی 2019 له كامپ دێڤد چاوی به ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه‌وتووه و وتووێژی له‌گه‌ڵ كردوون و ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه به نهێنی ماوه‌ته‌وه، به‌پێی راپۆرتێكی فۆكس نیوز هه‌ر له‌وێدا تره‌مپ به‌ڵێنی به تاڵیبان داوه كه تا 16 مانگی تر ته‌نیا 1400 سه‌رباز ده‌مێنیته‌وه له ئه‌فغانستان. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز ئاشكرای كردووه، كه تره‌مپ هه‌ر له‌وێدا به‌پێی رێکكه‌وتن به‌ڵێنی به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان داوه كه 5000 سه‌رباز دە‌كێشێته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵێكی سی ئێن ئێن له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ریه‌ك له مایك پێنس جێگری سه‌رۆك و دیڤێد پاتریۆس جه‌نه‌راڵی خانه‌نشین و لیندسی گراهام سیناتوری كۆمارییه‌كان دژی تره‌مپ بوون، ئامۆژگارییان كردووه كه نه‌ده‌بوو هیچ به‌ڵێنێك به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بدرێت. ئه‌ویش له وه‌ڵامدا پێیوتوون: "ئه‌م شه‌ڕه ئه‌گه‌ر من كۆتایی نه‌هێنم كۆتایی نایه‌ت".
ته‌نانه‌ت به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سی ئێن ئێن، به‌شێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشووی سه‌رۆك بۆ ئاسایشی نیشتمانی له‌سه‌رده‌می تره‌مپ و مایك پۆ‌مپێیۆ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بۆڵتن له‌گه‌ڵ دانیشتن نه‌بووه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان.
به‌گوێرەی راپۆرتێكی ئێن بی سی نیوز ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان دڵه‌راوكێیان بووه، له‌سه‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئه‌فغانستان و تاڵیبان نه‌گه‌نه رێکكه‌وتن و به‌شه‌ڕ ئه‌فغانستان بكه‌وێته‌وه ده‌ست تاڵیبان (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا رویداوه)، ئه‌وكات تاڵیبان ئاستی داواكارییه‌كانی به‌رزكاته‌وه، بۆیه پۆ‌مپێیۆ هه‌میشه په‌له‌ی بووه له واژۆ كردنی رێکكه‌وتنه‌كه.
هه‌ربۆیه بۆ درێژه‌دان به رێكکه‌وتنه‌كه و شكست نه‌هێنانی له دوای رۆژی 29 شوبات (فێبریوه‌ری 2020) كه رێکكه‌وتنی دوحه-ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان تێدا واژۆ كراوه، مایك پۆمپیۆ دوو جار له دوحه چاوی كه‌وتووه به مه‌لا عه‌بدوڵڵا غه‌نی برادر سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، یه‌كه‌میان له‌مانگی ته‌مموز (یۆلیۆی 2020) ئه‌وی تریشیان له 21 تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2020).