ترس باڵی بەسەر کابول دا کێشاوە

تاڵیبان لێبوردنی گشتی بۆ بەرپرسانی حکومەت و فەرمانبەران دەردەکات
چەکدارێکی تاڵیبان لە کابول جانتای هاووڵاتییان دەپشکنێت
چەکدارێکی تاڵیبان لە کابول جانتای هاووڵاتییان دەپشکنێت

K24 - هەولێر

دوای دوو رۆژ لە کۆنتڕۆڵکردنی کابولی پایتەختی ئەفغانستان، لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، ئێستا دانیشتووانی شارەکە مەترسییان لە داهاتوو هەیە و داوا دەکەن تاڵیبان هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی بگۆڕێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت. لە بەرامبەریشدا، تاڵیبان لێبوردنێکی گشتی بۆ بەرپرسانی حکومەتی پێشوو دەرکرد و داوای لە سەرجەم فەرمانبەران کرد، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

رۆژی 15/8/2021، بزووتنەوەی تاڵیبان کابولی پایتەختی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، ئێستا دانیشتووانی شارەکە مەترسییان لە داهاتوو هەیە، بەڵام هیواخوازیشن، بزووتنەوەکە کار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی بکات، ترس و دڵەراوکێ لەنێو خەڵکدا بڕەوێنێتەوە.

ئەمین ئەورا، دانیشتووی کابولە و دەڵێ: "دۆخی ئەمنی زۆر جێی نیگەرانییە، نازانین لە داهاتوودا چی روودەدات، هیوادارین تاڵیبان کار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی ئەفغانستان بکات و بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت".

گوتیشی: "پێویستە رێگە بە چوونی کچان بۆ خوێندن بدات، چارەسەری کێشەکانی خەڵک بکات و هەوڵ بۆ بووژانەوەی ئەفغانستان بدات".

دۆخی ئێستای ئەفغانستان بووە بە دیفاکتۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە خەڵکی وڵاتەکەشەوە، داوا دەکەن تاڵیبان هەڵسوکەوتی بگۆڕێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و رێگەش لە کچان نەگرێت بخوێنن.

لەگەڵ کەوتنی کابول، خەڵکێکی زۆری شارەکە، کە پێشتر هاوکاری ئەمەریکایان کردووە و دژی تاڵیبان بوونە، بۆ دەربازبوون روویان کردووەتە فڕۆکەخانەی کابول و ژمارەیەکی زۆریان تائێستا لەوێ گیریان خواردووە. فڕۆکەخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا دایە و بەرپرسێکی پێنتاگۆ رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دەست بە گواستنەوەی دیپلۆماتکاران و خەڵکی سڤیل دەکەن.

لە نوێترین پێشهاتیشدا بە ئاڕاستەی پیشاندانی نیازپاکی، بزووتنەوەی تاڵیبان لێبوردنێکی گشتی بۆ بەرپرسانی حکومەتی پێشوو دەرکرد و داوای لە سەرجەم فەرمانبەرانی دامەزراوە جیاجیاکانی وڵات کرد، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. هەروەها تاڵیبان داوای لە خەڵکیش کردووە، بەبێ ترس و نیگەرانی دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.