هەواڵێکی گەرم.. کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یۆڤێنتۆس دەیانەوێت جیاببنەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

مانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یۆڤێنتۆس مسۆگەر نییە ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە دەیەوێت ئەم هاوینە پیرەژنە ئیتاڵییەکە بەجێبهێڵێت، لەوانەیە تا کۆتایی ئەم مانگە دۆن بە درێسی یانەیەکی دیکە ببینین.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە چەند کاتژمێری رابردوو دەنگۆکانی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆیان لە یۆڤێنتۆس زیاتر گەرمکردووە، ئەو رۆژنامەنووسانەی پسپۆری هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان پێیانوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە بەجێهێشتنی یۆڤێنتۆس نزیکە.
مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید لەو یانانەن کە ئەگەر هەیە ئەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ واژۆ بکەن،
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، تا ئێستا یۆڤێنتۆس هیچ ئۆفەرێکی لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە پێنەگەیشتووە، پاریس سانجێرمانیش بەهیچ شێوەیەک بیر لە گواستنەوەی دۆن ناکاتەوە بەڵکو هێشتنەوەی مباپێ لە پێشینەی کارەکانی یانە فەرەنسییەکەیە، مانچێستەر سیتیش هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی هاری کەینە نەوەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
حوسێن یاسین پەیامنێری کەناڵی بی ئین سپۆرتس رایگەیاندووە، هەموو ئەوانەی چاودێریی یۆڤێنتۆس دەکەن دەزانن و دڵنیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت لە یۆڤێنتۆس بڕوات و یۆڤێنتۆسیش بەهۆی دۆخی داراییەوە حەز دەکات کریستیانۆ رۆناڵدۆ بفرۆشێت، چونکە بە گەڕانەوەی ئەلێگری کێشە تەکتیکییەکانیشی هاتووەتە سەر، ئەگەر کریستیانۆ لە یۆڤێنتۆس بمێنێتەوە ئەوا مانای وایە هیچ ئۆفەرێکی باشی پێنەگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە ئیدۆ ئەگێری رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی کە هاوڕێیەکی نزیکی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی دەیەوێت بەهەرشێوەیەک بێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەڕێنێتەوە ریال مەدرید، تەنانەت راهێنەرەکەی ریال مەدرید پەیوەندیی بە کەسە نزیکەکانی دۆن کردووە و زۆربەی یاریزانەکانی مێرێنگیش حەز دەکەن دۆن بگەڕێتەوە یانەکەیان..
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت ئەم هاوینە کیلیان مباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی و زیاتر ئارەزوو دەکات مباپێ بگوازێتەوە نەوەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە هاوینی 2018 ریال مەدریدی بەرەو یۆڤێنتۆس بەجێهێشت.
لەبەر ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆتایی دێت و ئەوکات دەتوانێت بێبەرامبەر ریزەکانی بیانکۆنیری بەجێبهێڵێت، بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیا ئیتاڵییەکان یۆڤێنتۆس ئامادەیە بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کریستیانۆ رۆناڵدۆ بێت.