حکومەتی هەرێم رۆژێکی وەک پشووی فەرمی راگەیاند

رۆژێکی کۆتایی ئەم هەفتەیە پشووی فەرمییە

K24 – هەولێر

بەبۆنەی یادی عاشوورا پێنجشەممەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئابی 2021 عاشوورایە و لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پشووی فەرمییە".

عاشوورا ئەو رۆژەیە، کە ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام عەلی و یاوەرانی شەهیدکران و ساڵانە شیعەكان لەو رۆژەدا مەراسیم رێكدەخەن و شین بۆ ئیمام حوسێن دەگێڕن.

ساڵانە و لە رۆژی عاشوورادا، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب، لە جیهانەوە بەتایبەت لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستان و لوبنان و بەحرێنەوە سەردانی عێراق دەکەن بۆ بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا، هەرچەندە دوو ساڵە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێگری لە شیعەکانی دەرەوەی عێراق دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە بێنە عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە شیعەکان بەتایبەتی لە ئێرانەوە بە لە دەرازەکان بۆ بەشداری لە شینی ئیمام حوسێن دێنە عێراق.