ههوڵ دهدرێت بهم نزیكانه یاسای ھەڵبژاردنی ههرێمی كوردستان ھەموار بکرێتهوه
K24- ههولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە بۆچونێکی ھاوبەش بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، دەشیانەوێت لەنێوان لیستی کراوە و داخراودا ھاوسەنگی بپارێزن. سەرۆكی فراكسيۆنی گۆڕانيش لەگەل ئەوەدایە، ليستی هەلبژاردن بكرێتە داخراو.
لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دەرچوونی بەشێك لە کاندیدەکان بۆ پەرلەمان، تێبینی لەسەر توانا و لێھاتووییان بۆ کاری پەرلەمانی دەبێتە جێ قسەو باسی ھاووڵاتیان. ئێستا کۆدەنگیەکی سیاسی ھەیە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەمواربکرێتەوە، لهوبارهشهوه هێمن ههورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان رایگهیاند، لە نێوان لیستی داخراو و کراوەدا ھاوسەنگیەك ھەڵدەبژێرین.
لهكاتێكیشدا لە خولی پێنجهمی پەرلەمانی کوردستان رای گشتی زۆرترین تێبینیان لەسەر ئەدای پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسیەکان ھەیە، بۆیە کار دەکرێت لە کاتێکی نزیکدا یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتهوه، گوڵستان سەعید، سهرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانیش له پهرلهمانی كوردستان دووپاتیكردهوه، ئهوان دهیانهوێت لیستی ھەڵبژاردن بکرێتە داخراو و بڕیاربەدەستانی لایەنە سیاسیەکانیش بێنە پەرلەمان و مافی پێکھاتەکان پارێزراو بن.
یاسای ھەمواری حەوتەمی ژمارە 35ى ساڵی 2013ى ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە 13 ماددە پێکھاتووە، لە ماددەی دووەمی یاساکەدا جهخت دهكاتهوه، ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستا بە شێوەی لیستی کراوەی سنووردار بەڕیوەدەچێت، کە ھەر لایەنێکی سیاسی دەتوانێت 100 کاندیدیان بۆ پەرلەمان ھەبێت، بەھۆی لیستی کراوەوە تێبینی زۆر لەسەر ئەدای کاری بەشێك لە پەرلەمانتاران ھەیە، لایەنە سیاسیەکانیش کۆدەنگن بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان و لیستیش بکرێتە داخراو.
H.B