کتێبی نوێ بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن چاپ دەکرێت
K24 - هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵی خوێندنی تەواوی قۆناغەكان كتێبی نوێ چاپ دەكات. بەڕێوەبەری گشتی چاپەمەنییەكان لە وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای دەکات، گۆڕاناكارییەكان لە ناوەڕۆك و بەرگ و دیزانی كتێبەكاندا كراوە. كتێبێكی بەھا كۆمەڵایەتییەكانیش كە نوێیە بۆ پڕۆگرامی خوێندن چاپكراوە.
حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری چاپەمەنییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی ستانداری جیهانی پڕۆگرامی خوێندن بۆ 11 تا 12 ساڵە، دوای ئەوە یان دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێت یان گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا بکرێت".
گوتیشی: "یەکێک لەو بابەتانەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەختی لەسەر کراوەتەوە، بایەخدانە بە پەروەردە و پڕۆگرامت خوێندن، هەر وڵاتێک کە بیەوێت پێشبکەوێت دەبێ دەست بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن ببات".
دەلال موحسین، قوتابییەکی پۆلی 11ی ئامادەییە وەکخۆی دەڵێ: "كێشەی سەرەكی قوتابیان لە ناوەندەكانی خوێندن رێزمان و رێنووسە، کە زیان بە قوتابیان دەگەیەنێت بە تایبەتی لە پۆلی 12، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە زیاتر گرنگی بە وانەکانی دەرونزانی و کۆمەڵایەتی بدرێت".
بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە كتێبێكی نوێ بە ناوی بەھا كۆمەڵایەتییەكان بۆ قۆناغەكانی یەك تا نۆ دانراوە و گۆڕانكاریش لە ناوەڕۆكی كتێبەكانی ئایین دەكرێت، لە ھەمان كاتیش لەم گۆڕانكارییە 4 كتێبی كۆمپیۆتەر بۆ قۆناغەكانی 7 و 8 و 10 و 11 چاپكراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا گۆڕانكاری لە وێنەی بەرگ و دیزاین و شێوەی نووسین دەکرێت.