ئەفغانستان ئیسلامییەکانی کوردستان دەکاتە دوو بەرە

بەشێکی ئیسلامییەکانی کوردستان بە سەرکەوتنی تاڵیبان خۆشحاڵن
ژمارەیەک لە رابەر و سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان
ژمارەیەک لە رابەر و سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان

K24 - هەولێر

ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان بەسەر دوو رادا دابەش بوون، بەرەیەک خۆشحاڵن و بە سەرکەوتنی دەزانن، بەرەیەک هێشتا بە گومانن، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان یەکەمین هێز بوو پیرۆزبای لە تاڵیبان کرد، بەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستانیان کەوتەوە دەست.

کەمال زراری، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا پێمان وایە سەرکەوتنی بزووتنەوەی تاڵیبانە، نەک هەر بەسەر ئەو حکومەتەی لە ئەفغانستان هەبوو، بەڵکو سەرکەوتنە لەو شەڕەی کە ماوەی 20 ساڵە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بەرامبەر تاڵیبان کردیان".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە ساڵی 1994کاتێک بزووتنەوەی تاڵیبان دروستبوو، لەوکاتە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵات دواتر بەهۆی بوونی قاعیدە شکستی خوارد، بوونی رێکخراوی قاعیدەیان لەبەرچاو گرت، بەو پێیەی ئەوکات قاعیدە هێزێکی گەورە بوو، تاڵیبان نەیدەتوانی خاوەن بڕیاری خۆی بێت، چونکە زۆر کات بڕیارەکان بە دڵی قاعیدە نەبوو، بەڵام ئێستا ئێستا سەرکردایەتی تاڵیبان خاوەن بڕیاری خۆیەتی".

کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەو بڕوایە دایە، سیاسەتی تاڵیبان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تاڵیبانی ئێستا جیاوازە لە تاڵیبانی 20 ساڵ لەمەوبەر، ئێستا کراوەتر بووە و "ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، سەردەکەوێت".

لەوبارەوە شوان رابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێ: "ئەگەر ئەمەریکا ئەفغانستانی بۆ تاڵیبان چۆڵ نەکردبا، نەیدەتوانی بگەڕێتەوە، چونکە چۆڵکردنی ئەمەریکا رێگە خۆشکردن بوو بۆ گەڕانەوەی تاڵیبان".

گوتیشی: "ئێستا کە تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانیان گرتووەتەوە دەست، لە لێدوانەکانیان دیارە کە بەرامبەر ناوخۆ و وڵاتان گۆڕانکاریان لە رێبازی خۆیان کردووە، دەیانەوێت حوکمڕانییەکی باشتر لە جاران بکەن، ئەگەر سیاسەتی خۆیان بگۆڕن بەردەوام دەبن، ئەگەرنا توندڕەوی بەکاربێنن، جارێکی دیکە وڵاتان لێیان دێنە گۆ بەتایبەتی ئەمەریکا، بەڵام ئێستا تاڵیبان دەڵێن: ئێمە ئازادی بۆ خەڵک دەڕەخسێنین و مافی خەڵک دەپارێزین و خوێندن بۆ ئافرەتانیش ئازاد دەکەین".

یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان، نایەوێ لە ئێستاوە پەلە بکات و بە گومانەوە سەیری پەیوەندی و دانووستانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان دەکات، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بەلایەوە روون نییە ئاخۆ چۆن تاڵیبان و ئەمەریکا، لە شەڕ و ئاڵۆزییەوە گەیشتوونەتە ئاشتی و هاوکاریکردنی یەکتر.