بڕیاری له‌سێداره‌دان بۆ چه‌كدارێكی داعش ده‌رچوو كرده‌یه‌كی خۆكوژی ئه‌نجامداوه‌

چەندین هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن، بەڵام خۆی تەنیا بریندار دەبێت
چه‌كدارێكی داعش بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆده‌رچوو
چه‌كدارێكی داعش بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆده‌رچوو

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان رایگه‌یاند، تاوانبارێكی تیرۆریست كه‌ چه‌كداری داعش بووه‌، له‌لایه‌ن ‎دادگای تاوانەكانی كەركووك/ گەرمیان بڕیاری له‌سێداره‌دان بۆ ده‌رچوو.

‎دادگای تاوانەكانی كەركووك/ گەرمیان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبارێكی تیرۆرستی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بە ناوی (ئازاد بیك زەعفەر بیك ئاویچ شاكر)، كه‌ لە دایكبووی (1989)ـه‌یه‌ و بە ره‌چه‌ڵه‌ك ئۆزپەكییە و خەڵكی وڵاتی ئۆزپاكستانە دەركرد.

تاوانباری ناوبراو پاش ئەوەی لە وڵاتی ئۆزپاكستانەوە دەچێتە توركیا و دواتر دەچێتە سووریا و لەوێوە بۆ ئەنجامدانی كاری خۆكوژی دێتە سنووری ناحیەی قەرەتەپە، لە رێكەوتی 14/7/2014 بە ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لە سنووری ناحیەی قەرەتەپە خۆی دەتەقێنێتەوە.

لە ئەنجامی ئەو كارە تیرۆرستیەدا چەندین هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن، بەڵام خۆی تەنیا بریندار دەبێت، لەو كاتەدا هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەگەنە سەری و دەستگیری دەكەن و پاش رێكارە تەندروستییەكان، رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

سەرئەنجام رۆژی 17/8/2021 لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای تاوانەكانی كەركووك/ گەرمیان بە پێی مادەی 2/3 لە یاسای تیرۆر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا و تاوانباری ناوبراو رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی كرا.

 

د.ی