جارێكی دیكه‌ سه‌رهه‌نگ موحسین بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق نه‌كرا

سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غدا
سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزی كوردی یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غدا

گەرچی لە وەرزی رابردووی خولی نایابی عێڕاق زۆرترین کلین شیتی کرد و لە 15 یاریی لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە بەڵام بێبەشکرا لە خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی خولەکە، سەرهەنگ لە دوو وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق درەوشایەوە و یەکێک بوو لە باشترین گۆڵپارێزەکان، بەڵام گۆڵپارێزە کوردەکە لەلایەن سریچکۆ کاتانیچی راهێنەری پێشوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەکرا، کە سەرهەنگ پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵمپی عێراق کردووە.

تەنانەت دوای دەستبەکاربوونی دیک ئادڤۆکاتی هۆڵەندی وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێڕاق، سەرهەنگ موحسین پشتگوێخرا و جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵىژاردەی عێڕاق نەکرا، کە ئێستا عێراق لە تورکیا کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە و ئامادەکاریی بۆ قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022 دەکات.

رۆژی سێشەممە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند جەلال حەسەنی گۆڵپارێزی یەکەمی لە کەمپی مەشقی تورکیا تووشی پێکان بووەوە و بەهۆیەوە نزیکەی مانگێک دوور دەکەوێتەوە و لە دوو یاریی داهاتوویان بەرامبەر کۆریای باشوور و ئێران بێبەش دەبێت، چاوەڕێش دەکرا سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی کوردی یانەی ئەمانەی بەغدا بانگهێشت بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە سەرهەنگ بێهیوا کرا و فێدراسیۆنەکە بڕیاریدا محەمەد ساڵحی گۆڵپارێزی یانەی قوە جەویە لە شوێنی جالال حەسەن بانگهێشت بکات.

بانگهێشت نەکرانی سەرهەنگى 34 ساڵ جارێکی دیکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و عەلی نووری کە رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی عه‌ره‌بی عێڕاقییە لە ئەکاونتی خۆی رەخنە دەگرێت و دەنووسێت زوڵم لەسەرهەنگ موحسین دەکرێت.

ناوبراو نووسیویەتی، سەرهەنگ خاوه‌نی ئەزموونێکی کەڵەکەبووە، ئاستی جێگیر لە ماوی دوو وەرز، خاوەنی تەواوی ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەڵبژاردەی عێراق پێویستیەتی.

 رۆژنامەنووسە عێراقییه‌کە هێمای بۆ ئەوه‌ش کردووە دەبوو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەرفەت بە سەرهەنگ بدرێت و بیانوویان بۆ گەورەیی تەمەنی هەیە بەڵام ئەم بیانووە بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە و پێیوایە بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی عێڕاق بە دروستی نییە و پێیوایە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی سەرهەنگ بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکرێت.

هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دوای کەمپەکەی ئیسپانیا ئەمجارە کەمپێکی مەشقی لە تورکیا کردووەتەوە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە یەکەمین یاریی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال رووبەڕووی کۆریای باشوور ببێتەوە و لە حەوتی مانگی داهاتووش بەرامبەر ئێڕان یاریی دەکات.