گوته‌بێژی حكومه‌ت له باره‌ی مووچه دڵنیایی ده‌دات

K24- هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه به‌ڵێنی داوه، ئه‌و داهاته‌ی دێته ده‌ستی، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ مووچه‌یه و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش دڵنیا ده‌كاته‌وه، كه هه‌موو 25ی مانگ مووچه دابه‌ش ده‌كرێت.
جوتیار عادل له میانه‌ی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 گوتی: له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به‌مدواییه له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا، تایبه‌ت به یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ئه‌نجامدرا، بۆ یه‌كه‌مجار مانگی رابردوو حكومه‌تی عێراق 200 ملیار دیناری ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد، هیوادارین له چه‌ند رۆژی داهاتوودا 200 ملیار دیناره‌كه‌ی ئه‌م مانگه‌ش بنێردرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ لێبڕین و 100% دابه‌ش بكه‌ین.
جوتیار عادل جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی له توانادا بێت، حكومه‌ت درێغی نه‌كردووه له دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، چ له رێگه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ مووچه ته‌رخان ده‌كرێت، یان ئه‌و داهاته‌ی له رێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و داهاتی ناوخۆوه كۆده‌كرێته‌وه و له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ دابینكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ مووچه ته‌رخان ده‌كرێت.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له دوو رۆژی رابردوودا به‌هۆی رێوڕه‌سمه‌كانی عاشوورا له حكومه‌تی عێراق پشوو بوو، بۆیه هیوادارین پاره‌ی ئه‌م مانگه له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ره‌وانه بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له 25ی مانگ ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكه‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیش له باره‌ی ئه‌گه‌ری نه‌ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ ئه‌م مانگه، جوتیار عادل گوتی: به هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه و بە چاودێری وردی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاڕاده‌یه‌ك داهات زیادی كردووه، ئێستاش كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان جێگیره، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین مووچه به‌بێ لێبڕین دابه‌ش بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به میكانیزمی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و جووڵه‌ی ئابووری و بازرگانی خاڵه سنوورییه‌كانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌بێت له دابه‌شكردنی ئه‌و داهاته هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا هه‌بێت، به‌ڵام له‌ناو هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، پێشینه بۆ مووچه‌یه.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، ئێمه نه‌مانهێشتووه بابه‌تی قوتی خه‌ڵك بكرێته بابه‌تێكی سیاسی و ئه‌مه ستراتیژیه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بووه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا و له هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت نه‌كرێت.
H.B