ناتۆ: دۆخی كابول زۆر سهخته و ههستی پێناكرێت
K24- ههولێر:
هێشتا دۆخی فڕۆکەخانەی کابول ئاڵۆزە و رۆژانە دەیان فڕۆکە دەگەنە فڕۆکەخانەكه بۆ گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی لە 20 ساڵی رابردوودا لەگەڵ هێزە بیانیەکان کاریان کردووە و ئێستا دەیانەوێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن.
دۆخی فڕۆکەخانەی کابول وڵاتانی ئەندامی ناتۆی ناچار کرد، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن.
دوای کۆبوونەوەکە یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ کێشەیەکی لۆجستییان نییە، تاکە کێشە گەیاندنی ئەو ئەفغانیانەیە بە فڕۆکەخانە، كه پرۆسەكهی هێواش کردووەتەوە.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی:" باسمان لە هەڵوێستی خۆمان کرد بەرامبەر دەسەڵاتی داهاتووی ئەفغانستان، جەختمانکردەوە، کە نابێت تاڵیبان رێگە بدات جارێکی دیکە وڵاتەکە ببێتەوە بە پەناگەی تیرۆریستان. پێویستە هەر دەسەڵاتێك دابمەزرێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی دهوحه بێت. پێویستە رێز لە مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان بگیرێت. بەڵام هیچ بڕیارێکم نەداوە و هەڵوێستی هەر 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ دەوەستێتە سەر کردارەکانی حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان. هەموو وڵاتانی ئەندام بە تێکڕا پابەندن بە گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی کاریان لەگەڵ کردووین. گەورەترین کێشەمان ئێستا زەحمەتی گەیشتنی ئەو ئەفغانیانەیە بە فڕۆکەخانە."
جیا لە دۆخی فڕۆکەخانەی کابول، ئێستا لە هەرێمی باغڵان هێزەکانی بەرگری نیشتمانی ئەفغانستان 3 ناوچەی گرنگیان لەژێر دەستی تاڵیبان دەرهێناوەتهوه.
ئەمروڵا ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەفغانستان سەرپەرشتی ئەو هێزانە دەکات و پشتیوانی لە ئەحمەد مەسعود لە هەرێمی پەنجشیر دەکات، کە خۆ بەدەستەوە نەدان و رووبەڕووبوونەوەی تاڵیبانی راگەیاندووە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا ترسی لە تێکچوونی دۆخی ئەفغانستان هەیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبهشدا لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کرێملن هۆشداریدا، كه نابێت رێگە بدرێت تیرۆرستان لە ئەفغانستانەوە بچنە وڵاتانی دراوسێ.
پوتن گوتی: "پێموایە گرنگترین شت ئەوەیە رێگە نەدرێت بە هیچ شێوەیەك تیرۆرستان بە ناوی پەنابەرەوە لە ئەفغانستانەوە بچنە وڵاتانی دراوسێ. ئێستا تاڵیبان کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ئەفغانستانی کردووە بە پایتەختیشەوە. ئەمه واقیعە و دەبێ بەگوێرەی ئەو واقیعەی کە هەیە هەنگاو بنێین و رێگری لە رووخانی دەڵەتی ئەفغانستان بکەین".
راوێژکاری ئەڵمانیاش پێشنیازی بۆ سەرۆکی روسیا كرد و گوتی: بۆ ئەوەی دۆخەکە لهمه زیاتر ئاڵۆز نهبێت، سەرەتا لە هاوکاری مرۆییەوە دەست پێبکەن و هاوکاری بگەیننە خەڵکی ئهو وڵاته، چونکە هەرچۆنێك بێت شەڕ بێت یان ئاشتی، خەڵکی ئەفغانستان لە هەر شتێك زیاتر پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.
H.B