بایدن پاساو بۆ بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان ده‌هێنێته‌وه‌

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا: چاوەڕێ دەکەین تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئەفغانستان نەکاتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریزم

K24- هه‌ولێر:

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێن سەبارەت بە کشانەوە لە ئەفغانستان رایگەیاند: "ئەگەر بڕیاری کشانەوەم نەدابا، دۆخەکە بەشێوەیه‌ك تێکدەچوو، كه‌ لەوانەیە ناچار بام وەك چۆن کوڕەکەمیان ناردە عێراق، کوڕ و کچەکانی ئێوەش جارێکی دیکە رەوانەی ئەفغانستان بکەمەوە".

بایدن گوتی: مەترسی تیرۆر تەنیا لە ئەفغانستان نییە، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەیە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئەفغانستان نەکاتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریزم.

بایدن له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا دووپاتیكرده‌وه‌، "لەوانەیە زۆرێك لە ئێوە بڵێن و بپرسن: بۆچی لە ئەفغانستان کشاینەوە؟ لەکاتێکدا ماوەی ساڵێکە هیچ سەربازێکی ئەمه‌ریکی لە ئەفغانستان نەکوژراوە. هۆکارەکەی ئەوەیە، ترەمپ پێشتر رێککەوتنی دەستپێکردبوو و گوتبووی: ئەگەر تا 1ی ئایار هیچ سەربازێکی ئەمه‌ریکی نەکوژرێت، دەکشێینەوە".

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌م‌ پرسیاره‌وه‌ گوتی: "باشە ئەگەر من لەو وادەیە بڕیاری کشانەوەم نەدابا، پێتانوانییە دۆخەکە دەگەیشتە ئاستێك كه‌ ناچار دەبووم سەربازی زیاتر رەوانەی ئەفغانستان بکەمەوە؟ کوڕەکانتان، کچەکانتان وەك کوڕەکەی من کە نێردرایە عێراق، بیاننێرمەوە بۆ ئەفغانستان، کە لەوانەیە بکوژرابان؟ دواتر بۆچی بکوژرێن؟ بۆیە باشترین شت ئەوە بوو، بڕیاری کشانەوە بدەین و ئامادەکاری بۆ کشانەوە بکەین".

بایدن ئاشكراشیكرد، "ئێستاش تیرۆر تەنیا لە ئەفغانستان نییە، راستە هێنانەدەرەوەی ئەو هەموو چەکدارەی داعش و قاعیدە لە بەندیخانەکان مەترسی دروست دەکەن، بەڵام داعش زۆر دژی تاڵیبانە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەڕەشەی تیرۆر هەیە. لە مانگی رابردووەوە 18 هەزار کەسمان گواستووەتەوە".

هه‌روه‌ها گوتی: "ناتوانم بەڵێن بدەم، كه‌ دەرئەنجامی پرۆسەکەش چی دەبێت، ئایا هیچ زیانێك دەکەین یان نا، بەڵام وەك فەرماندەی گشتی دەتوانم بەڵێنی ئەوەتان پێبدەم، کە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ".

H.B