قەیرانی ئابووری تورکیا قووڵتر دەبێتەوە

لە ماوەی سێ مانگدا 9 ملیۆن و 38 هەزار کەس بێکار بوونە
لیرەی تورکی
لیرەی تورکی

K24 - هەولێر

تا دێت قەیرانی ئابووری تورکیا قووڵتر دەبێتەوە و ناڕەزایی هەژاران زیاتر دەبێت، بڵاوبوونەوەی داتاکانی بێکاری و هەژاری و پێنوێنە ئابوورییەکان لەنێوان دامەزراوەکانی سەر بە حکومەت و لایەنە ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە ناکۆکی دروستکردووە. 

بەگوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی تورکیا، تەرازووی مامەڵەی بازرگانی لە تورکیا بە بەهای 1.127 ملیار دۆلار لە مانگی حوزەیراندا داکەوتووە و کورتهێنانەکە بۆ 29.679 ملیار دۆلار لە 12 مانگدا فراوان بووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی ئاژانسی بەکارخستن و دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسی ئابووری، رێژەی کرێکاران لە کەرتی کشتوکاڵ بە رێژەی 8.6٪ دابەزیوە، هەروەها بەهۆی بەربەستەکانی بەرهەمهێنا نزیکەی 54 هەزار جوتیار لە ماوەی ساڵێکدا وازیان لە پیشەکانیان هێناوە.

ژمارەی جوتیارە تۆمارکراوەکان لە سیستمی تۆمار لە دوو ملیۆن و 83 جوتیاری ساڵی 2019 بۆ ملیۆنێک 803 هەزار جوتیار تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە کەمبوونەوە.

هاوتا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی داتاکانی بێکاری، یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشی تورکیا گومان لە دروستی داتاکان هەیە کە لەلایەن پەیمانگەی ئاماری تورکیا بڵاودەکرێتەوە.

بەپێی رووپێوییەکی یەکێتییەکە، ژمارەی ئەو کەسانە لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بێکاربوون، زیاتر بووە لە 9 ملیۆن و 38 هەزار کەس، کە تێیدا 3 ملیۆن و 931 ئافرەت و 5 ملیۆن و 107 هەزار پیاون.

یەکێتی سەندیکاکان ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ژمارانەی بەم دواییەی لەلایەن دەستەی ئامارەوە بڵاودەکرێتەوە جێگەی گومانن، بە تایبەت ئەو داتایانەی پەیوەستن بە ئاماری بێکارییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەستەی ئاماری سەر بە حکومەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ رێژەی چوونە سەر کار 44.7٪ لەبەرامبەردا یەکێتییەکە بڵاویکردووەتەوە کە رێژەکە 30.7٪ بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، کۆرۆنا کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕی تورکیا هەبووە، بە جۆرێک بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بە یەکجاری کارەکانیان لە دەستداوە.

روونیشی دەکاتەوە، رێژەی بێکاری لەنێوان گەنجانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بۆ 44.6٪ بەرزبووەتەوە.