تیمێکی فڕۆکەوانی لە کەنەدا ناگەڕێنەوە

داوای پەنابەری لە کەنەدا دەکەن
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی  تۆرێنتۆ - کەنەدا
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تۆرێنتۆ - کەنەدا

K24 - هەولێر

وەک هەمیشە بە شێوەیەکی ئاسایی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی تورکیا گەشتێکی لە ئیستانبوڵەوە بەرەو تۆرێنتۆ ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارەیان تیمی فڕۆکە تورکیا بڕیاریاندا دوایین گەشتیان بێت و داوای پەنابەریان لە وڵاتی کەنەدا کرد.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەرپۆرت هابەری تورکی کە تایبەتە بە هەواڵی فڕۆکەوانی. ئەو تیمەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی تورکیا، لەگەڵ نیشتنەوەیان بۆ خاکی کەنەدا، داوای پەنابەریان لە وڵاتەکە کردووە.

ئەو پێگە تورکیا بڵاویکردووەتەوە، تیمی فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانی تورکیا کە ئاراستەیان بەرەو کەنەدا بووە، سەرجەم ناسنامە و پاسپۆرتیان لە ژووری هۆتێلەکانیان جێهێشتووە و رستەوخۆ داوای مافی پەنابەریان لە کەنەدا کردووە.

ساچکین کۆجاک سەرۆکی یەکێتی کارمەندانی هێڵی ئاسمانی تورکیا لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت، نیگەرانە لەو گەشتە لە ناکەوەی تیمەکەیان و پێویست بوو داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردبا یاخود زووتر کۆمپانیاکەیان جێهێشتبا. هۆکاری ئەو رووداوەش بۆ دۆخی گوزەرانیان دەگەڕێنێتەوە.

لە راپۆرتی پێگە تورکیەکەدا هاتووە، جیابوونەوەی کارمەندانی هێڵی ئاسمانی تورکیا و داواکردنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی دیکە پێویستی بە ڤیزا نییە، ئەوەش وایکردووە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبکات، کە تیمەکانی فڕۆکەوانی لە وڵاتانی رۆژئاوا داوای پەنابەری بکەن و وەک شۆفێر و کارمەندانی چێشتخانە کاربکەن.

کۆجاک دەشڵێت، ژمارەیەک زۆری لە کارمەندانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەوانەکانیش، لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا داوای مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە و، دواتر لە وڵاتانی دیکە مافی پەنابەریان پێشکەشکردووە.