سێ ئەندامی خێزانێکی کورد لە ئیرلەندا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
K24 – هەولێر
خێزانێکی کورد، کە بۆ خوێندن لە وڵاتی ئیرلەندا دەژیان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا.
کارزان سەباح، پێشتر نیشتەجێی بەحرکە بووە و بەمەبەستی خوێندن، لەگەڵ هاوسەرەکەی چوونەتە ئیرلەندا، لەوێ تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و هەرسێ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستداوە.
کارزان، لەگەڵ شەهێن قاسم- هاوسەری و کچەکەیان بە ناوی لینا کە تەمەنی 8 مانگ بوو، بە ئومێدەوە لە ژیانیان دەڕوانی و پلانی ئەوەیان هەبوو، کە دوای تەواو بوونی خوێندنی کارزان، ژیانێکی نوێ دەست پێبکەن، بۆیە ویستویانە خانوو لە شارێکی دیکە بگرن.
لەبارەی رووداوەکە بارزان سەباح، برای کارزان بە کوردستان24ی گوت: "دوێنێ لەلایەن کەسێکەوە پەیوەندییم پێوە کرا، گوتی: من (بێرن)م خەڵکی سلێمانیم و لە ئیرلەندا هاوڕێی کارزانم، ماوەی 22 کاتژمێرە تەلەفۆن بۆ کارزان دەکەین داخراوە و هیچ هەواڵێکی نییە، دواتر ژمارە تەلەفۆنی لێوەرگرتم و گوتی ئێمە دەچینە پۆلیس، رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە، بەڵام ئومێد دەکەین ئەوان نەبن، دوای مەغریب تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و گوتی: دەتوانی لەگەڵ پۆلیسی ئیرلەندا قسە بکەیت؟ تەلەفۆنەکەی دایە کارمەندێکی پۆلیس چەند پرسیارێکی لە بارەی ناوی کارزان و هاوسەر و منداڵەکەیان لێکردم".
بارزان، باسی لێوەکرد، براکەی ئەمساڵ دوا ساڵی خوێندنی بووە و لەگەڵ هاوسەرەکەی چوونەتە شارێکی دیکە خانوو بگرن، بۆ ئەوەی ماڵەکەیان بگوازنەوە.
سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمەکانیان ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە لە رێگەی هاوڕێکانی و گرووپی کوردانی ئیرلەندا تەرمەکانیان رەوانەی کوردستان بکرێنەوە.
به گوێرهی رۆژنامهی ئایریش تایمزی ئیرلاندی، رووداوهكه لهسهر رێگهی ئێم6ی سهرهكی بووه، كاتێك ئۆتۆمبێلی یهكهم له رێگهی خۆی لایداوه و رۆنگ ساید رووبهڕووی ئۆتۆمبێلی كارزان هاتووه و خۆی پێدا كێشاوه، بههۆیهوه جگه له كارزان و هاوسهری و منداڵهكهی، شۆفێره خهتابارهكهش گیانی لهدهستداوه.
وهك رۆژنامهكه باسی كردووه، ئۆتۆمبێلی سێیهم له دواوهی ئۆتۆمبێلی خێزانه كوردهكه بووه، ئهویش خۆی به ئۆتۆمبێلهكه داداوه، شۆفێرهكهی برینداره و ئێستا له نهخۆشخانهیه.