حکومەتی هەرێم 14 پڕۆژە لە قەزای چۆمان جێبەجێ دەکات

بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆژەکان دانرا
قەزای چۆمان - ئەرشیف
قەزای چۆمان - ئەرشیف

K24 – چۆمان

حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای چۆمان جێبەجێ دەکات، ئەمڕۆش بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆژەکان دانرا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆژەکان سەردانی قەزای چۆمان و کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "14 پڕۆژە لە سنووری قەزای چۆمان جێبەجێ دەکرێن، ئەمڕۆ بەردی بناغەی یەکێک لەو پڕۆژانە دانرا، کە بریتییە لە کۆنکرێت کردنی شەقامەکان و ئاوەڕۆ و جۆگەلەکەی، ئومێد دەکەین لە پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کوردستان و بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، خزمەتی زیاتری سنوورەکەمان بکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە پڕۆژەی دوو سایدی رێگای حاجی ئۆمەران – چۆمان، کە چەند ساڵێکە دەست بە پڕۆژەکە کراوە، بەڵام تائێستا تەواو نەکراوە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "چاککردنی رێگای حاجی ئۆمەران لەناو پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەت دایە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی حکومەت، چاککردنی ئەو رێگایە یەکێک دەبێت لە هەنگاوە سەرەتاییەکان".