یەکێک لە بەربەستەکانی هەڵبژاردن لە عێراق ئەوەیە خەڵک متمانەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت کەمە

پلاسخارت
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، بۆ گۆڕانکاری سیاسی پێویستە عێراق ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت و هەڵبژاردن بکرێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەڵێ :بۆ ئەوەی بەهێزبن دەبێ یەکگرتووبن و هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن".

جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق رایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات، کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، پێویستە عێراق ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت".

گوتیشی: "یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی هەڵبژاردن لە عێراق ئەوەیە خەڵکی متمانەیان بە دامەزراوەکانی حکومەت و دەوڵەت کەمە، بۆیە رێکارەکانی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنی 2018 و پێویستە بەشێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە گرنگە بۆ گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسی".

سەبارەت بە رەوشی ئەمنی عێراق و تیرۆرکردنی چالاکوانان پلاسخارت گوتی: "پێویستە ئەو کردەوە تیرۆریانەی لە عێراق دەکرێن بەپەلە رابگیرێن، چونکە لێپرسینەوە و سەروەری یاسا زۆر گرنگە لەم دۆخەدا، بۆ ئەوەی رێگری لەو هێرشانە بکرێت، ئەرکی دەسەڵاتە راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکات، ئەوە ئەرکی ئێمە نییە دەبێ دەسەڵاتداران بڕیار لەبارەی ئەو کەسانە بدەن کە کردەی تیرۆری دەکەن".

سەبارەت بە هێرش و هەڕەشەی میلیشیاکان لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا: "زۆر بەداخەوە بۆ ئەو هێرشانەی رۆژانە لە عێراق ئەنجام دەدرێن، پێویستە حکومەت رێگری لەو ‌هێزانە بکات کە لە دەرەوەی یاسا ئەو کردەوانە ئەنجام دەدات، چونکە ئەمە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق، بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بگێڕنەوە دەبێ رێگری لەو گرووپانە بکەن".

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دەربارەی هێرشەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان گوتی: "پێویستە حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی بەهێز بکات، گرنگە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانە دووربخرێنەوە کە لە دەرەوەی یاسا لەناو عێراق چالاکی سەربازیی دەکەن، دەبێ دۆخی ئەمنی لەلایەن دەسەڵاتی فەرمی ئەمنی عێراق بپارێزرێت و عێراق سەروەری خۆی بپارێزێت و لە هەموو ناوچەیەک دەسەڵاتی هەبێت. بە رێگەی سەربازیی چارەسەری ئەو کێشانە ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ دەتوانن بگەن بە چارەسەر، بۆ ئەمە دەبێ گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا و تورکیا هەبێت".

لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، ئەوەی خستەڕوو: "گرنگ نییە رێککەوتن هەیە یان نا، بەڵکو جێبەجێکردنی گرنگە، نیەتی بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن خاڵێکی زۆر گرنگە، راستە دۆخەکە ئاڵۆزە و رکابەری زۆرە، بەڵام دەبێ هەولێر و بەغدا پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکەن، ئەو لایەنانەی کە لەوێش هەن دەبێ بەشداربن لە گفتوگۆکان، چونکە تەنها خەڵکەکەی باجی ئەو دۆخە دەدەن، پێویستە ئەو قەیرانە بە شێوازێکی سیاسیانە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەرکی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم هەردوولا پابەندبن بە رێککەوتنەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە لە عێراق، تا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەڵکو فشار دەکاتە سەر لایەنەکان و هاوکاریان دەکات".

پلاسخارت، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "ئێستا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر، کە ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە، ئەوەی ئێمە چاودێریمان کردووە، چەند رێوشوێنێکی ئیداری رێگربووە لەبەردەم پرۆسەکە، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ هەردوولا کردووە، پێمان گوتون پێویستە لەسەر میکانیزمێک رێکبکەون، بۆ ئەوەی نەک هەر لەسەر پرسی بودجە، بەڵکو بە گشتی لەسەر هەموو پرسە هەڵواسراوەکان رێککەوتنی یەکجارەکی بکەن. دەزانم بەڕێز مەسرور بارزانی هەوڵدەدات لەگەڵ بەغدا بگەن بە رێککەوتن، هەروەها بەڕێز کازمی بە هەمانشێوە پاڵپشتی گفتوگۆکان دەکات و دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، دیدارم لەگەڵ هەردووکیان هەبووە و دەیانەوێت لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن".

دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد: "پێشتر باسم لەوە کردووە، لە هەر کۆمەڵگەیەک زۆر مەترسیدارە کە ئازادی نەبێت و ئازادی کەسەکان نەبێت، لەبەر ئەمەش خەڵک زۆرجار بوونەتە قوربانی، من دەڵێم دەبێ لە هەرێمی کوردستان پارێزگاری لەو شتانە بکەن کە هەتانە و دەبێ یەکگرتووبن، بۆ ئەوەی بمێننەوە و بەهێزبن، ئەوەی زۆر تەندروست نییە ئەوەیە کە لایەنەکان یەکگرتوو نەبن، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان وادەخوازێت بە یەک تیم کار بکەن".

پلاسخارت، سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەفغانستان گوتی: "زۆر نیگەرانم بۆ ژیانی ئێستا و داهاتووی ئەفغانستان، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان و منداڵان، وێنەکانی ئێستای ئەفغانستان زۆر دڵتەزێنن".