به‌ فه‌رمی چاره‌نووسی كریستیانۆ یه‌كلایی كرایه‌وه‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس

ئالێگری راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتۆس مانه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ كێبڕكێی سه‌رجه‌م نازناوه‌كان ده‌كه‌ین.

یانه‌ی یۆڤێنتۆس سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ یه‌كه‌مین یاریی له‌ وه‌رزی نوێی سێریا ئه‌ی له‌ كاتژمێر 07:30ـی ئێواره‌ به‌رامبه‌ر ئۆدێنزی ده‌كات.

خانمە پیرەکە وەرزی رابردوو نەیتوانی  پارێزگاری لە ناسناوەکەیان بکەن و بە راهێنەرایەتی ئاندریا پیرلۆ، دوای بەدەستهێنانی هەشت ناسناوی لەسەر یەک، دواجار پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا و بگرە نزیک بوون بلێتی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگیش لەدەست بدەن.

ئەنجامە لاوازەکانی وەرزی رابردووی بیانکۆنێری، بووە هۆکاری ئەوەی کارگێری یانەیە بیر لە دوورخستنەوەی پیرلۆ بکەنەوە و دوای دوو وەرز ناچار بوون ئالێگری راهێنەری یانەکەیان کە لە 2019ـەوە لە پۆستەکەی دوور خرابووە دووبارە بیگەڕێننەوە.

ئالێگری لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە مژدەیەکی خۆشی دا بە هاندەرانی یانەکەی و مانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پورتوگاڵی لە یانەکەی راگەیاند.

ئالێگری: له‌گه‌ڵ كریستیانۆ هه‌وڵی بردنه‌وه‌ی هه‌موو نازناوه‌كان ده‌ده‌ین

ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتۆس پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر ئۆدێنزی گوتی: ''لە ماوەی رابردوو قسەم لەگەڵ رۆناڵدۆ لەبارەی داهاتووی کردووە، ئەو یاریزانی هیچ کاتێک باسی جێهێشتنی یانەکەمانی نەکردووە، واتە لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و دەمانەوێت پێکەوە هەوڵ بۆ سەرجەم ناسناوەکان بدەین، هەمیشە یاریزانەکانن کە دەستکەوتەکان یەکلایی دەکەنەوە نەک راهێنەران، کاری ئێمە تەنها ئەوەیە ئامۆژگاریان بکەین و هەڵەکانیان راست بکەینەوە. راستە پێنج ساڵی یەکەمم لەگەڵ یۆڤی دەستکەوتی باشمان هەبوو، بەڵام رابردوو بوو بە مێژوو و پێویستە تەنها بیر لە داهاتوو بکەینەوە''.