نووسینی كوردی سەر دەرگای بەشی توێژینەوە و كوردستانناسی زانكۆی كوردستان- سنە لابرا

"چالاكوان و ئاكادیمییەكانی شاری سنە چاوەڕێی ھەڵوێستی كرداری لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن"
نووسینی كوردی سەر دەرگای بەشی كوردستانناسی زانكۆی كوردستان- سنە سڕاوه‌ته‌وه‌
نووسینی كوردی سەر دەرگای بەشی كوردستانناسی زانكۆی كوردستان- سنە سڕاوه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

كاردانەوەكان لەسەر شێواندن و لابردنی نووسینی كوردی لەسەر دەرگای ناوەندی كوردستانناسی و بەشی كوردی زانكۆی كوردستان لە سنە بەردەوامن. دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە نووسینی كوردی سەر دەرگای كۆلێژی زمان و بەشی توێژینەوە و كوردستانناسی زانكۆی كوردستان لە سنە لابرا، سەرۆكایەتی زانكۆی كوردستان بێ ئاگایی خۆی لەو كاردە رادەگەیەنێت، بڕیاریشە كە نووسینەكان بەزمانی كوردی لەشوێنی خۆیان دابنرێنەوە.

سەبارەت بەو رووداوە دكتۆر "بەختیار سەجادی" سەرۆكی پێشووی بەشی كوردی زانكۆی كوردستان-سنە بە كوردستان24-ی راگەیاند، كە بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كردوویانە، سەرۆكایەتی زانكۆی كوردستان ئاگاداری ئەو رووداوە نەبوونە و ھیچ لایەنێكی فەرمی بەرپرسیارییەتی لابردنی نووسینی كوردی لەسەر دەرگای ئەو بەشانەی لەئەستۆ نەگرتووە.

بەگوتەی دكتۆر سەجادی، پێدەچێت ھەندێك ئەنجومەن و رێكخراوی قوتابیانی غەیرە كورد لەپشت شێواندن و لابردنی زمانی كوردی لەسەر دەرگای كۆلێژی زمان و بەشی توێژینەوە و كوردستانناسی زانكۆ كوردستان-سنە بووبن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سەرۆكایەتی زانكۆ رایگەیاندووە، كە جارێكی دیكه‌ رێنووسی كورد لەو شوێنانە بەكاردەھێننەوە و بەشێك لە چالاكوان و ئاكادیمییەكانی شاری سنەش چاوەڕێی ھەڵوێستی كرداری لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

ھەر لەھەفتەی رابردوودا لە شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی كوردستانیش ئاگر لە پەیكەری مامۆستا ھەژار موكریانی بەردرا، كە رێخكراوە مەدەنییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كۆمەڵێك ئەنجومەن و كەسایەتی غەیرە كورد بەھۆكاری ئەو كارانە دەزانن.

كۆلیژی زمان و وێژه‌ له‌ زانكۆی كوردستان- سنه‌
كۆلیژی زمان و وێژه‌ له‌ زانكۆی كوردستان- سنه‌

 

د.ی