"عێراق چارەنووسی ئەفغانستانی نابێت"

پسپۆڕان خاڵە جیاوازەکانی جوگرافیای سیاسی و ئابووریی عێراق و ئەفغانستان دیاریده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

پسپۆڕانی جوگرافیای سیاسی و ئابووری جیاوازی گەورە لەنێوان عێراق و ئەفغانستان دیاریدەکەن، یەکێکیان وڵاتێکی کشتوکاڵی و ئەوی دیکە وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوت. بۆیە بە بڕوای ئەوان پێگە ئابوورییەکەی عێراق رێگە بەوە نادات، ئەو وڵاتە هەمان چارەنووسی ئەفغانستانی هەبێت.

لەگەڵ کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە ئەفغانستان و دەستبەسەراگرتنی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە، چاوەکان کەوتنە سەر عێراق، ئاخۆ دوای کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەو وڵاتە تووشی هەمان چارەنووس دەبێتەوە؟ بەڵام پسپۆڕانی جوگرافیای سیاسی، هێڵێک بە نێوان هەردوو وڵاتدا دەهێنن و دەڵێن جوگرافیای سیاسی ئەم دوو وڵاتە لەیەك دوورە.

هێمن محەمەد، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی گوتی: "له‌ رووی جیۆپۆلۆتیكه‌وه‌ هه‌ر وڵاتێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له‌ سه‌رده‌می جیاواز گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت، له‌ ساڵی 1979 كاتێك رووسیا ئه‌و ئه‌فغانستانی داگیركرد، له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ گرنگی پێدرا، به‌ڵام ئه‌و گرنگیدانه‌ تا سه‌ر به‌رده‌وام نه‌بوو".

لە رووی ئابووریشەوە، عێراق و ئەفغانستان دوو وڵاتن، کە جیاوازی گەورە لەنێوان هەیە، یەکێکیان وڵاتێکی کشتوکاڵی و ئەوی دیکە وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوت. بۆیە پێگە ئابوورییەکەی عێراق رێگە بەوە نادات، عێراق هەمان چارەنووسی ئەفغانستانی هەبێت.

هەرێم رێبوار، پسپۆڕی ئابووری گوتی: "به‌راوردكردنی عێراق و ئه‌فغانستان به‌راوردكارییه‌كی ناوهاوسه‌نگ ده‌رده‌چێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ئابووری ئه‌فغانستان بده‌ین، 67%ی ئابوورییه‌كه‌ی پشت به‌ به‌روبوومی كشتوكاڵی ده‌به‌ستێت، به‌ڵام له‌ عێراق 97%ی ئابوورییه‌كه‌ی پشت به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌به‌ستێت".

گوتیشی: "نه‌وتی عێراق هه‌م له‌ رووی هه‌رێمایه‌تی و هه‌م له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی زیاتری له‌سه‌ر بازاڕی جیهانی درووستكردووه‌، ئه‌فغانستانیش ئه‌و به‌روبوومه‌ی نییه،‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی جیهانی دابنێت، كه‌چی به‌ نه‌ناردنی نه‌وت عێراق، بازاڕی نه‌وت گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت".

بڕیار وایە تا کۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق بکشێنەوە، زۆرێك لە شرۆڤەکاران ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوەی لە ئەفغانستان بە گەڕانەوەی تاڵیبان روودەدات، رێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان ئەمه‌ریکا و تاڵیبانە.

د.ی