"نرخی نان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزدەبێتەوە"

راپۆرتێک: لە پێنج ساڵی داهاتوو گەنمی عەمبارکراو بۆ کەمترین ئاستی دادەبەزێت
نان
نان

K24 - هەولێر

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە سەرتاسەری جیهان زیانی بەرکەوتووە، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر کەمی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی. بە گوێرەی راپۆرتە جیهانییەکان پێشىینی دەکرێت لە مانگی داهاتوو نرخی گەنم بەرزتر ببێتەوە و ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی نان لە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە تایبەتی دەکات.

بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە لە بازاڕەکانی جیهاندا بووەتە رۆژەڤی گرانبوونی نرخی نان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. کە خواردنی رۆژانەی ئەو ناوچانە لە گەنم دروستدەکرێت. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، دابینکردنی گەنم لە سەرتاسەری جیهانی کەمیکردووە، زیان بە سێ گەورەترین دابینکەری گەنم کەوتووە. لە ئەنجامدا پێشبینی دەکرێت نرخی نان هاوتا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، شارەزایان پێشبینی دەکەن، لە چەند هەفتەی داهاتوو نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە، ئەوەش گوشارەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کەمترین داهاتیان هەیە و پشتیان بە هاوردە بەستووە زیاتر دەکات.

هەوروەها لە راپۆرتەکاندا هاتووە، نرخی گەنم لە بۆرسەکانی جیهان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بە بڕی 18 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبێتەوە، بەوەش بگاتە 269 دۆلار بۆ هەر تۆنێک لە کاتێکدا لە مانگی تەمووزی رابردوو 251 دۆلار بووە.

کڕیارانی گەنم لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نزیکەی 30٪ هاوردەی جیهان پێکدەهێنن. وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکاش پێشبینییەکانی پەیوەست هاوردەی گەنمی لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا بۆ 2020-2022 دابەزاند.

لە راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا ئاماژە بەوەکراوە، میسر گەورەترین هاوردەکاری گەنمە لە جیهان، لە سێی ئەم مانگە تەنیا یەک بار گەنمی کڕیوە، ئەوەش کەمترین بڕە میسر بیکڕێت لە چەندین ساڵی رابردوودا.  

حکومەتی ئەمەریکا پێشبینی دەکات، لە پێنج ساڵی داهاتوودا یەدەگی دانەوێڵەی جیهان بۆ کەمترین ئاستی  خۆی دابەزێت، و شڵەژان لە دابینکردنی گەنم لە سەرتاسەری جیهان دروستبێت.

بەهۆی دەرهاویشتەکانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان نرخی، تۆنێک گەنم لە بۆرسەی پاریس بۆ 250 یۆرۆ بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای ساڵی 2013ـەوە.