"چه‌كدارانی یه‌په‌گه كچه 15 ساڵییه‌كه‌ی منیان رفاندووه"
K24 - هه‌ولێر:
چه‌كدارانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" له شارۆچكه‌ی "ته‌ل ره‌فتێ" له رۆژی (13)ی ئه‌م مانگه به ئامانجی چه‌كداركردن كچێكی عه‌فرینی رفاندووه، كه ته‌مه‌نی 15 ساڵه، باوكی كچه‌كه داوای ئازادكردنی كچه‌كه‌ی ده‌كات.
باوكی كچه‌كه "ئیدریس ناسان" له گرته ڤدیۆییه‌ك كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و خه‌ڵكی گوندی "قوژێما"ی عه‌فرینه و له‌وه‌ته‌ی عه‌فرین داگیركراوه له شارۆچكه‌ی "ته‌ل ره‌فتێ" ده‌ژین، كچه 15 ساڵییه‌كه‌ی، كه ناوی "فاتیمه ناسان"ـه، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌وه رفێنراوه.
ئیدریس ناسان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و نه‌خۆشه و هاوسه‌ره‌كه‌شی مردووه، فاتیمه‌ش كچی گه‌وره‌یه‌تی، كچه‌كه‌ی كرێكاری ده‌كات و 4 برا بچووكه‌كه‌شی به‌خێوده‌كات، به‌ڵام چه‌كدارانی یه‌په‌گه رفاندیان.
باوكی كچه 15 ساڵییه‌كه ئاشكرای كرد، كه چووته لای چه‌كدارانی یه‌په‌گه و داوای سۆراخی كچه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام چه‌كدارانی یه‌په‌گه گوێیان پێنه‌داوه و وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه.
ئیدریس له گرته ڤیدیۆییه‌كه بانگه‌واز بۆ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی سووریای دیموكرات "مه‌زڵوم عه‌بدی" ده‌كات و ده‌ڵێت: "وه‌ره كێشه‌ی خه‌ڵكی ته‌ل ره‌فتێ و ناوچه‌ی شه‌هبانیێ چاره‌سه‌ر بكه و كچه‌كه‌م بۆ بگه‌ڕێنه‌وه".
له ئه‌نجامی هێرشی سوپای توركیا و گرووپه چه‌كدارییه‌كان بۆ سه‌ر عه‌فرین له (20ی كانوونی دووه‌م/ جێنیوه‌ری 2018)، نزیكه‌ی 350 هه‌زار هاووڵاتی عه‌فرین ده‌ربه‌ده‌ربوون، به‌شێك له‌و ئاوارانه له شارۆچكه‌ی "ته‌ل ره‌فتێ" له كه‌مپی "شه‌هبنانێ" و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری نیشته‌جێبوون.
شارۆچكه‌ی ته‌ل ره‌فتێ له مانگی شوباتی 2016ـه‌وه به‌ده‌ست چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌وه‌یه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی هێزی رژێمی سووریا و سوپای رووسیای لێیه.
د.ی