بەهۆی تەقینەوەی (تی ئێن تی) دوو گەشتیار لە سنووری باتیفا کوژران

بەگوێرەی زانیارییەکان چەکدارانی پەکەکە (تی ئێن تی)یان لەسەر ئەو رێگایە داناوەتەوە
ئامبوڵانسی تەندروستی بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو دوو گەشتیارە چووەتە ناوچەکە
ئامبوڵانسی تەندروستی بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو دوو گەشتیارە چووەتە ناوچەکە

K24 - زاخۆ

بەھۆی تەقینەوەی تی ئێن تی دوو گەشتیاری عەرەب، لە ناوچە گەشتیارییەکانی گوندی بانکێ-ی سەر بەناحیەی باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ کوژران، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو (تی ئێن تی)یە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە دانراوەتەوە.

ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە ناوچەکە رایگەیاند: "ئەو دوو کەسەی کوژراون خەڵکی مووسڵن، دوای دوو رۆژ بێ سەروشوێن بوون، ئەمڕۆ تەرمەکانیان لەناو ئۆتۆمبێلی خۆیان دۆزراوەتەوە، کە بەر تی ئێن تی کەوتوون"

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ئەو دوو کەسە رۆژی هەینی رابردوو بە مەبەستی گەشتکردن هاتوونەتە سنوورەکە و چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی دەوروبەری گوندی بانکێ، TNT بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقیوەتەوە، بەڵام چونکە کەس لەو شوێنە نزیک نەبووە هەواڵی کوژرانیان نەزانراوە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، دوای ئەوەی ئەو دوو کەسە بێ سەروشوێن دەبن، کەسوکاریان دوو رۆژ بەدوایاندا دەگەڕێن و هاتوونەتە سنووری باتیفا، پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون تەرمەکانیان لە نزیک گوندی بانکێ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزرانەوە.

بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە، تورکیا بەردەوام ئەو سنوورانە تۆپباران و بۆردومان دەکات، هاوکات چەکدارانی پەکەکە بۆمبی و تی ئێن تی لەسەر رێگاکان دادەنێنەوە، بۆیە بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە جگە لەوەی زیانی زۆر بەر رەز و باخەکانیان کەوتووە، لە هەمانکاتدا زیانی زۆریش بەر کەرتی گەشتیاری کەوتووە، چونکە خەڵک بەهۆی نا ئارامی ناتوانن روو لەو ناوچەیە بکەن.