كریستیانۆ له‌سه‌ر داوای خۆی یاریی نه‌كردووه‌ و ده‌یه‌وێت بڕوات

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس

دوای ئه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی یوڤێنتۆس نه‌بوو بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.

دوورخرانه‌وه‌ی كریستیانۆ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یوڤی هه‌مووانی شۆك كرد، به‌وپێیه‌ی كریستیانۆ له‌ دۆخێكی جه‌سته‌یی و ته‌ندروستی باش دایه‌.

فابریزیۆ رۆمانۆ په‌یامنێری سكای سپۆرتس رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كریستیانۆ له‌سه‌ر داوای خۆی به‌شداریی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی نه‌كردووه‌ و ده‌یه‌وێت پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ یوڤێنتۆس بڕوات و یانه‌یه‌كی دیكه‌ بۆخۆی بدۆزێته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پاڤێل نێدڤید جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی یوڤێنتۆس دێته‌ ده‌نگ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات دوورخستنه‌وه‌ی كریستیانۆ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ڕاوێژ و گفتووگۆ بووه‌ له‌گه‌ڵ كریستیانۆ، ئه‌و به‌ ڕێژه‌ی 100% ئه‌مساڵ له‌ یوڤی ده‌مێنێته‌وه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 36 ساڵ، له‌ هاوینی 2018 له‌ یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ به‌ به‌های 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یوڤێنتۆس، له‌گه‌ڵ یانه‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ له‌ كۆی 133 یاری 101 گۆڵ و 22 ئاسیستی كردووه‌ و هاوینی داهاتوو به‌ فه‌رمی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یوڤی كۆتایی دێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ میدیاكان پێشبینی ده‌كه‌ن له‌م هاوینه‌ خولی ئیتاڵیا جێبهێڵێت.