ساسان عەونی: لەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات

ساسان عەونی: له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێره‌ین و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی ده‌ستپێده‌كات
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ 8ی حه‌سارۆك
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ 8ی حه‌سارۆك

K24 - هه‌ولێر:

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونه‌ته‌ (8ی حەسارۆك) و سەرۆكی حكوومەتی فەرمانی كردووه‌ مۆڵەتی بینا بكرێتەوە و كاری پێویست ئەنجام بدرێت.

گوتیشی: "له‌مڕۆوه‌ پرۆسه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی بۆ زه‌وییه‌كانی كه‌رتی 8ی حه‌سارۆك ده‌ستپێده‌كات".

وه‌زیری شاره‌وانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2021، به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ولێر و به‌رپرسانی شاره‌وانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ورده‌كاریی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی بۆ زه‌وییه‌كانی 8ی حه‌سارۆك خسته‌ڕوو.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، وه‌زیری شاره‌وانی ئاشكرای كرد، ئێستا بڕی 600 ملیۆن دینار و لە ئاییندەیەكی نزیكدا 300 ملیۆن دیناری دیكەش بۆ 8ی حەسارۆك بۆ تەرخان دەكرێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ تاكو ئێستا لە كۆی 20 هەزار پارچە زەوی له‌و كه‌رته‌، تەنیا 176 كەس داوای رێگەپێدانی كردووه‌ بۆ دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان.

راشیگه‌یاند، شه‌قامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك دروست دەكرێت. 

وه‌زیری شاره‌وانی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتی: "ئەو هاووڵاتییانەی داخوازی دروستكردنی خانوویان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەیە، لەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێ و دەتوانن ئیشوكارەكانیان بكەن".

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە vۆژنامەوانییەكەدا گوتی: "ئێمە وەكو پارێزگاری هەولێر تەئكید دەكەینەوە كە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری خودی سەرۆكی حكومەت كە ماوەیەك لەمەوبەر خۆی هاتە ئێرە و ئێمەی وەكو پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی ڕاسپار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت".

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەكانیان بكەن بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانیان پێ بدرێت و دەست بكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان، ئەمڕۆكە لێرەوە دەستدەكرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە تەواوی زەوییەكانی دیكەی هاوشێوەی 8ی حەسارۆكی بابەتی ئێمەن، وەك پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی خزمەتگوزارییان پێ دەگەیەنین".