چوار تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیركران

دوو لە تۆمەتبارەکان لەسەر هاککردنی ئەکاونتی فەیسبووک و هەڕەشە بووە
تۆمەتبارەکان
تۆمەتبارەکان

K24 - سلێمانی

مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەید سادق، لە دوو چالاکی جیادا چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد، دوو لەو کەسانە تۆمەتبارن بە هاککردنی ئەکاونتی فەیسبووک و هەڕەشە کردن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "هاووڵاتییەك سكاڵای لە بەشی پۆلیسی سەید سادق تۆمار كرد، كە فەیسبووكەكەی هاككراوەو لەژێر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی تایبەتییەكانی ناو فەیسبووكەكەی، بە چەند جارێك 4 هەزار دۆلاری لێسەندراوە، دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و لەكاتی دەستگیركردنیشدا دانی بەوەدا نا كە كەسێكی تر هاوكارییەتی بۆیە لەماوەیەكی كورتدا توانرا تۆمەتباری دووەمیش دەستگیربكرێت ".

ئاماژە بەوەشکراوەث: "لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار ( ه ، أ ) ، (ه ،ح) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 431 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون ".

وەک لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی پێکراوە: "لە چالاكییەكی تردا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەید سادق، توانییان دوو تۆمەتباری ژن دەستگیربكەن كە چووبوونە ناو ماڵێكەوە و ویستبویان دزی بكەن .هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عێراق راگیراون ".