ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییە‌كانی پۆلی 12 رادەگەیەندرێت

خوێندن لە خوێندنگە‌كان لە بەرواری 14/ 9/ 2021 دەستپێدەکات
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردە لە کۆبوونەوەیەکی بۆردی پەروەردە و خویندنی باڵا لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییە‌كانی پۆلی 12‌ رادەگەیەنرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ (23ی ئابی 2021) لە هەولێر، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و، باس لە چەند بابەتێکی تایبەت بە خوێندن کرا.

سەرەتای کۆبوونەوە باس لە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خوێندكاران کرا  لە‌ناو پۆلە‌كان، لەگەڵ پابەند بوون بە رێنماییەکانی تەندرووستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردوە؛ حکومەت پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەوەی لە 14/ 9/ 2021 خوێندن لە قوتابخانەکان  دەستپێبکات و ئەو بەروارەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرایە بڕیار.

لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هەروەها رایگەیاند؛ ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییە‌كانی خولی یە‌كە‌می پۆلی دوازدە‌ رادەگەیەنرێت.

هەر لە كۆبوونەوەكە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئامادەکارییەکان كرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگان و رایگەیاند؛ خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9  تاوەکو 25/9 خوێندن دەستپێدەکات لەناو هۆڵەكانی زانكۆ. هەروەها وتیشی "بەپێی  رۆژژمێری زانکۆیی زانکۆکان ئامادەکارییەكانیان دەست پێکردوە و بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەوام دەست پێدەکات".

دواتر ئامارەکانی توانای زانکۆ و پەیمانگاکانی خرانەڕوو بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی نوێ و خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن.

 ھە‌روە‌ھا لە کۆبوونەوەكە بۆچوونەکانی پەیوەست بە قبوڵ مەرکەزی (ناوە‌ندی) خرانەڕوو لەگەڵ چۆنییەتی رێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوازێک کە لەگەڵ سەردەم و پێویستی بازاڕ بگونجێت، بەشداران جە‌ختیان لە‌ گرنگی خوێندنی پیشە‌یی كردەوە و هاوڕابوون پێویستە‌ زیاتر پە‌رە‌ی پێبدرێت.